سروە رەسووڵ: هەوڵدەدەین هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئاوارەکان بکەین

K24 – هەولێر:
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ئوردن کرد، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، رایدەگەیەنێت، لە کۆنفرانسەکەدا ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە باس کرا، هاوکات دەشڵێت: هەوڵدەدەین هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئاوارەکان بکەین.
سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکە لە عەمانی پایتەختی ئوردن ئامادەبووین، ئامانج لەم کۆنفرانسە، وڵاتی ئەڵمانیا، ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، بۆ هاوکاری تەکنیکی سەرکەوتووترین هاوبەشەکانی لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتی عەممان ئامادە کردووە و ئەزموون شارەزاییەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا چۆن بتوانن هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن.
هاوکات راشیگەیاند، "جێگەی خۆشحاڵییە وەک هەرێمی کوردستان کە بتوانین متمانەی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بەدەستبهێنین، جێگری وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا خۆی ئامادەبوو لێرەدا شانازی بەو دەستکەوتانە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، ئەو ئەزموونانە لێرە زۆر بە گرنگییەوە باس دەکرێن بەهۆی هاوکارییە مرۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەک یەکەم تیمی نێودەوڵەتی هاوکاری گەیاندە زیان لێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، چەندین ئەزموونی دیکە لێرە باس دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، هاوکاریکردنی ئاوارەکان بابەتێکە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی هەرێمی کوردستان پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات، کە بابەتێکی ئاسان نەبوو لە لەخۆگرتنی دوو ملیۆن ئاوارە، لە ئێستادا یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەشڵێت: هەوڵدەدەین هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئاوارەکان بکەین، هەروەها بابەتی ئیدارەدانی کەمپەکان و چۆنییەتی سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە لێرە باسکرا، وڵاتی ئوردنیش لەم رووەوە زۆر بە سەرکەوتوانە باسی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد.
گوتیشی: بەردەوام لە هەوڵداین لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان، ئێستا لایەنەکان خۆیان دان بە بەوە دەنێن بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنامەی شنگال زۆرینەی ئاوارەکان نەیانتوانییوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئێستا هەموو لایەنەکان بۆیان روونبووەتەوە پێویستە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، لە ئێستادا ئەو پەیامە پێداچوونەوەی پێدەکرێت.
سروە رەسووڵ، لە درێژەی قسەکانیشیدا، ئاماژەی بەوەدا، لەو کۆنفرانسەدا زیاتر تیشکمان خستەسەر کارەساتە سروتشییەکان، کە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە روویداوە، جەخت لە کارەساتی سروشتی و رۆڵی دروستکردنی خۆبەخش لە کوردستان کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئەزموونە گەورەیەی کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی تێیدا سەرکەوتوو بێت لە بابەتی بەکارهێنانی خۆبەخشەکانە لە وەڵامدانەوەی لافاوەکان، لە بابەتەکانی وشکەساڵی و کەمپەینی بوومەلەرزەی سوریا و تورکیا ناردنی تیمەکانمان بۆ ئەوێ، ئەمانەش تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکە بوون.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، روونیکردەوە، وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کرد، کە دەبینێت دەرەنجامی زۆر گەورەی هەبووە و کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەبووە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە زۆر بە جددی پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات لە ئێستا و لە داهاتوودا.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی هەرێمە هاوبەشەکانی (TWH) لە وڵاتی ئوردن کرد، لە کۆنفرانسەکەدا شاندی هەر یەکە لە وڵاتانی تونس و ئوردن لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆی وەزارەتەکانیان بەشدارن، هاوکات جێگری وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندێکی باڵای (TWH) بەشداری کۆنفرانسەکەیان کردووە.
لە کۆنفرانسەکەدا ئەزموونی وڵاتان لە بواری سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و کارەسات ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت و پرسی بەشدای خۆبەخشەکانیش لە کارەکانیان تاووتوێ دەکرێت.