مه‌حمود عوسمان: پێویسته توركیا ئۆجه‌لان ئازاد بكات و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵدا ده‌ست پێبكاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌حمود عوسمان كه‌سایه‌تی سیاسی كوردستان، ساسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان له شه‌ڕ له‌كوردستان و سنورداركردنی دیموكراسی و ئازادییه‌كان له توركیا، به ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی زیاتری كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 15 ی ته‌موز ناوده‌بات و پێیوایه دژ وه‌ستانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان به‌گشتی به كوردیشه‌وه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕیان به‌وه نییه گۆڕانكاری به زۆر بكرێت، به‌لام كاردانه‌وه‌كانی ئه‌ردۆغان له پاش كوده‌تاكه و ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی و هێرشكردنه سه‌ر نه‌یاره‌كانی به بیانووی به‌شداری و هاوكاری كوده‌تاكه، بووه به جێگای مه‌ترسی و واده‌بینرێت ئه‌وه سیاسه‌تێك بێت بۆ لیدانی هه‌موو نه‌یاره‌كانی و ته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی و دیموكراسی و به‌رده‌وامیدان به شه‌ڕ له باكور، به بیانووی لێدانی "په‌كه‌كه" كه هێشتا هه‌ر به تیرۆریست ناوی ده‌به‌ن وه‌ك گروپه‌كه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن.
مه‌حمود عوسمان له درێژه‌ی نوسینه‌كه‌یدا كه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نوسیوویه‌تی" ئاماژه‌ی به پاش كوده‌تا و بومه‌له‌رزه سیاسیه‌كه‌ی توركیا كردووه و نوسیوویه‌تی" حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویدایه و كه ئایا به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، ڕێگای ڕاستیش وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو چاودێران و دۆسته‌كانی توركیا ده‌یڵێن ئه‌وه‌یه، توركیا هه‌نگاو به ئاراسته‌ی دیموكراسیه‌تی زیاتر بنێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ "ئۆجه‌لان" وه‌ك خۆشیان گوتوویانه" كوده‌تاكه مه‌ترسی هه‌بووه له‌سه‌ری،بێگومان ئازادكردنیشی پێویسته پاش ئه‌وه‌ی كه ڕوویدا.