ماوەی دوو رۆژە بەهۆی مانگرتنی حەشدی شەعبی رێگەی هەولێر – کەرکووک داخراوە

K24 – کەرکووک:

ماوەی دوو رۆژە لایەنگرانی حەشدی شەعبی رێگەی نێوان کەرکووک - هەولێریان داخستووە و رێگە بە هاتووچۆی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادەن، شۆفێران و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەنێوان شارەکانی بەغدا، کەرکووک و سلێمانی دەبێت لەنێو گەڕەک و ماڵەکان بڕۆنە سەر رێگەیەکی خۆڵ و دواتریش بگەنە سەر رێگەی سەرەکی هەولێر، شۆفێرێک دەڵێت، ئەو رێگەیەی پێشووتر بە 15 خولەک دەمبڕی ئێستا دوو کاتژمێرك پێدەچێت.

ئیڤان محەمەد، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە کوردستان24ـی راگەیاند، زەرەرمەندی سەرەکی ئێمەی شۆفێرین، ئەو رێگەیەی کە پێشووتر بە چارەگێک دەمبڕی ئێستا بە دوو کاتژمێر دەیبڕم، دەبێت دەیان گەڕەک و کۆڵان بکەین تا رێگەیەکی سەرەکی دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی بارەکانمان بگەینینە شوێنی مەبەست.

شۆفێرێکی دیکەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بە ناوی وەلید مەجید، ئاماژەی بەوەدا، دوو رۆژە بەهۆی ئەو رێگە داخستنەوە زۆر توشی کێشە بووینە، ناچارین دەبێت بە کۆڵان و گەڕەکەکاندا بڕۆین خەڵکیشمان هەراسان کردووە و هەموو لێمان بێزارن، زۆربەی قیری بەردەم ماڵەکانیش شکاون.

زۆربوونی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و تەپوتۆزی رێگەکە، هاووڵاتیانی گەڕەکی شۆراوی هەراسانکردووە، بەهۆی ئەوەی گەرەکەکەیان هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، لەمبارەیەوە، ئەبابەکرد رەفیق، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە شەش ساڵە ئەم زەحمەتییە دەکیشێن بەهۆی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئەمە چەندەمین جاریانە دێن ئەو رێگە سەرەکییە دادەخەن، هاووڵاتییانیان زۆر هەراسان کردووە.

هاتووچۆی کەرکووک، دەیان پۆلیسی لەنێو گەڕەکەکان بڵاوکردووەتەوە تاوەکو قەرەباڵەغي رێگەی بەردەم بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کەمبکەنەوە، بەهۆی گرتنی ئەو رێگە سەرەکییەش شۆفێران بەنێو کۆڵانەکانی گەڕەکەکانی شۆراو، سۆنەگۆلی و رەحیمئاوا هاتووچۆدەکەن.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.