حەسەن شێخانی: حکومەتی عێراق لە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کورد پاشگەز بووەتەوە

حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق لە سەرجەم بەڵێنەکانیان لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان پاشگەز بوونەتەوە، هاوکات دەشڵێت: لە پاڵ حکومەتی عێراق حکومەتێکی سێبەر هەیە و لە پاڵ سوپای عێراقیش سوپایەکی سێبەر هەیە.

حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، لە کەرکووک کێشە لەنیوان کورد و پێکهاتەکاندا نییە، تەنیا ئەوە حەشدی شەعبییە بیناو بە کورد دەگرێت دەیەوێت بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات.

هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی عێراق لە سەرجەم بەڵێنەکانیان بەرانبەر بە کورد پاشگەزبوونەتەوە، بە تایبەت لە پرسی بودجە و مووچە.

ئاماژەی بەوەشدا، لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق هەر رۆژە و بیانووێک دروست دەکەن، ئەوان نایانەوێت عێراق هەنگاو بنێت بۆ کەناری ئارامی، ئەوان دەیانوێت هەمیشە حکومەتی عێراق کێشەی لەگەڵ کوردستان هەبێت.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، دەشڵێت: لە پاڵ حکومەتی عێراق حکومەتێکی سێبەرمان هەیە، لە پاڵ سوپای عێراق سوپایەکی سێبەرمان هەیە.

حەسەن شێخانی، باسی لەوەشکرد، لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دید و بۆچوونی جیاوازە لە چاو حزبەکانی دیکە بۆیە هەمیشە لە کەرکووک بە ئامانج دەگیرێت.

گوتیشی: ئەگەر کورد و پێشمەرگە نەبووایە چارەنووسی کەرکوویش وەک هی موسڵ و دیالە دەبوو.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان دەستوورین و تەنیا بەغدا دەستوور جێبەجێ بکات هەموو مافێکی کوردی تێدا فەراهم دەکرێت، بەڵام هیچ کاتێک حکومەتی عێراق دەستووری جێبەجێ نەکردووە بۆیە هەمیشە مافی کورد پێشێل دەکەن.

حەسەن شێخانی ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە بەرامبەر ئەو پیشێلکارییەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بەرامبەر بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بارەگاکانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی رێککەوتن کراوە کە کورد بارەگاکانی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، بەڵام ئەو رێککەوتنە جێبەجێ ناکەن و پێشێلی دەکەن.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.