چین.. بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە 52 کەس بوونە قوربانی

K24 - هەولێر

بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی چین، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ کە هەفتەی رابردوو باشووری رۆژئاوای چینی گرتووەتەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

کەناڵی سی سی تی ڤی چینی رایگەیاند، لافاوێکی گەورە بەهۆی بارانبارینە بەخوڕەکەی چینەوە دروستبووە، بەتایبەت کارگەیەکی پۆڵای گرتووەتەوە کە زیاتر لە 200 کەس تێیدا کار دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا ئێستا چوار کەس لە لافاوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا 48 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن"، روونیشیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنان.

شی جینپینگ سەرۆکی چین فەرمانی بە بەرپرسان کرد "هەموو شتێک کە لە توانایاندایە بۆ گەڕان بەدوای ونبووەکان و پشتگیری خێزانەکانیان ئەنجامبدەن".

شی لە کەناڵی سی سی تی ڤی جەختی لەوە کردەوە کە رووداوەکە "پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ لایەنە بەرپرسیارەکان بکرێت".

چین لە چەند مانگی رابردوودا کەشوهەوای سەختی بەخۆیەوە بینیوە کە شارەزایان دەڵێن: ئەمجۆرە کەشە زیاتر بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا روودەدات.

لە مانگی تەمموزدا بە هۆی زریانی دۆکسوری لە باکوری چین، لانیکەم 78 کەس گیانیان لەدەستدا.