گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە جووتیاران رەنج بە خەسار دەکات

.
.

K24 – رانیە

دوو ھەفتە زیاترە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچووکی بە رووی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت بە تەواوی گرتووەتەوە.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کاریگەری خراپی کردووەتە سەر بەنداوی دوکان و لە ھەر 24 کاتژمێرێک ئاستی ئاوی بەنداوەکە هەشت سانتی مەتر دادەبەزێت.

ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا عێراق ھاوشێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ تورکیا دەیکات بۆ بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات، کەمترین ھەوڵی لەگەڵ ئێران داوە، بۆ بەردانەوەی ئاوی زێی بچووک و ئەو ئاوانەی تر کە لە ئێرانەوە بەرەو ھەرێمی کوردستان و لێرەوەشەوە بەرەو عێراق سەرچاوە دەگرن.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران و کەم ئاوی مەترسی لەسەر بەری رەنجی ئەم ساڵی جووتیاران دروستکردووە و دەڵێن: ئەگەر کەم ئاوی بەوجۆرە بەردەوام بێت ناچارین بەجێی بھێڵین و رەنج بەخەسار دەبین .

عەبدوڵڵا حەسەن، یەکێک لە جووتیارانی چۆمی خاس لە سنووری قەڵادزێ، دەڵێ: "بەشێک لە بەروبوومەکەمان لە بێ ئاوی وشکبووە".

دوو ھەفتە پێشتر لە لە زێی بچووک، ھۆشداری دەدرایە ھاووڵاتییان لە قەراخ ئاوی زێیەکە نزیک نەبنەوە، چونکە بەھۆی زۆری ئاستی ئاوی زێی بچووک مەترسی خنکانی لێ دەکرا، ئێستا ئاوێکی کەم لە رووبارەکەدا ماوەتەوە، کە بەپێ دەتوانی لێی بپەڕنەوە.

لەلایەکی تر پێویستی خوار بەنداوەکە و پێویستی عێراقیش بۆ ئاو بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی روباری دیجلە تێکڕای ئەو ئاوەی لە ھەر چرکەیەک لە بەنداوەکە بەر دەدرێتەوە حەوت ھێندەی داھاتی ئاوی بەنداوەکەیە .

ئەندازیار کۆچەر جەمال، بەرێوبەری بەنداوی دوکان بە کوردستان24ی گوت: "نزیکی دوو هەفتە دەبێ لە دیوی ئێرانەوە ئاو گیراوەتەوە، ئێستا رۆژانە ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان هەشت سانتیمەتر دادەبەزێت، ئەگەر گیرانەوەی ئاویش بەردەوام بێت زیاتر دادەبەزێت".

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سەردەشت بەکار خستووە، لەو کاتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق ئاوی زێی بچووکی بە رووی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا گرتووەتەوە .

ئەگەرچی عێراق دووچاری بێ ئاویەکی سەخت بووە بەدەست دراوسێکانیەوە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئێران بۆ بەردانەوەی بەشە ئاوی پێویست لە زێی بچووک و سەرچاوەکانی تر دەست پێ نەکردووە، ئەوە لەکاتێکدا بۆ ئاوی دیجلە و فورات کە راستەوخۆ دەڕژێنە عێراق، بەردەوام لەگەڵ تورکیا لە دانوستان و گفتوگۆدایە.