ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری بەبڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا راگەیاند

K24 - هەولێر

ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بەبڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، کە ئامێرەکانی لابردنی مین و ئاستەنگەکان و مووشەکی بەرگری ئاسمانی لەخۆدەگرێت.

هێزەکانی کیێڤ رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە لە هێرشی پێچەوانەدا بۆ سەر هێزەکانی رووسیا، کە هاوینی ئەمساڵ دەستیان پێکردووە، ئاستەنگەکانیش بەتایبەتی مین و خەندەق و بەربەستەکانی تانکەکانن کە رووبەرووی هێزەکانی ئۆکرانیا دەبنەوە.

پێنتاگۆن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "پاکێجی هاوکارییەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئۆکرانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رووسیا لە بەرەکانی شەڕ و پاراستنی گەلەکەی".

پاکێجەکە مووشەکی بەرگری ئاسمانی و گوللـە تۆپ و مووشەکی دژە تانک و زیاتر لە سێ ملیۆن گوللـەی چەکی سووک لەخۆدەگرێت.

ئەمەریکا سەرکردایەتی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی کیێڤ پێکهێناوە، ئەمەش دوای ئەوەی رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

لەو کاتەوەی رووسیا دەستی بە هێرشکردن کردووە بۆ سەر ئۆکرانیا، واشنتن پابەند بووە بە پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی بۆ کیێڤ، تا ئێستاش دەیان ملیار دۆلاری وەک پشتیوانی پێشکەش ئەو وڵاتە کردووە.