ئاری هەرسین: پێویستە سوودانی بیسەلمێنێت سەرۆکوەزیرانی عێراقە یان نا

ئاری هەرسین، کادیری پێشکەوتووی پارتی
ئاری هەرسین، کادیری پێشکەوتووی پارتی

K24 - هەولێر

کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی بە پێویستی دەزانێت محەممەد شیاع سوودانی بیسەلمێنێت سەرۆکوەزیرانی عێراقە یان نا، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، هەندێک بڕیار دەدات کەچی جێبەجێناکرێن و فەرامۆش دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، ئاری هەرسین، کادیری پێشکەوتووی پارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، لەبارەی رێگرییەکانی بەردەم گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، رایگەیاند، "حکومەتی عێراق، حکومەتێکی لاوازە و هەندێک وڵات و لایەن لەژێرەوەی بڕیاری چارەنووسساز دەدەن، ئەگەر نا سوودانی فەرمانی بە کردنەوەی بارەگاکانی پارتی داوە، بەڵام کەس کار بە بڕیارەکانی ناکات".

ئاری هەرسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کاتێکدا رێگری لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دەکرێت، هیچ لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەنگی لێوە نایەت. ئەمە مانای چییە؟ مانای ئەوەیە ئێوەش پێتان خۆشە، وەکو حەشدی شەعبی و هەندێک شۆفینیستی تورکمان لەوە دەترسن پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک دەنگی باش بەدەستبهێنێت؟".

ئاری هەرسین پێیوایە "پێویستە بەرپرسانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان واز لە دەستوور بهێنن و هەر نەلێن با بە دەستوور کێشەکان چارەسەربکەین، کوا دەستوور؟ ئەگەر جوانترین دەستووریشت هەبێت، بەڵام ئەگەر وەکو خۆی جێبەجێنەکرێت یان کاری پێنەکرێت، بۆ چییە؟".

بە گوتەی ئەو کادیرەی پارتی، "ئەگەر کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت کێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک چارەسەرنەکرێت، مانای ئەوەیە، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا شتێک بەناوی 'حکومەت' بوونی نییە. بە شێوەی تەشریفاتی هەیە، بەڵام لە ژێرەوەی لایەنەکانی دیکە حوکم دەکەن".

ئاری هەرسین بە پێویستی دەزانێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "خۆی ساخ بکاتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقە یان نا. جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە، پێویستە ئێمەی لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بەیەکەوە حساب و کیتابی خۆمان لەگەڵ ئەم شۆڤێنییانە ڕاست کەینەوە. تا کەی بەم شێوەیە بەردەوام بین؛ ئەمساڵ هیوا بە ساڵی داهاتوو یان 10 ساڵی دیکە بخوازین؟".