لە ئەمەریکا تەرمی چوار ئەندامی خێزانێکی کورد لەنێو ماڵەکەیاندا دۆزرانەوە

K24 - واشنتن:

میدیاکانی ئەمەریکا بە گشتی، ویلایەتی داڵاس بە تایبەتی  بڵاویانکردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە تەرمی چوار ئەندامی خێزانێکی کورد لە ماڵێکدا لە شەقامی ئەبەردین درایڤ لە شاری ئالێن لە ویلایەتی تێکساس دۆزرایەوە.

سەرتیپ شێروانی، نیشتەجێی ولایەتی ڤیرجینیا بە کوردستان 24ی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم مانگەدا فەرمان شێروانی برام لە ماڵی خۆی میوانداری خزم و کەسوکاری کردووە و منداڵەکان لە نهۆمی سەرووی خانوەکە سەرقاڵی یاری کردن بوون، دواتر سەرنج دەدەن کە کچە تەمەن چوار ساڵانەکەی بە ناوی لیلی دیار نیە، مخابن پاش کەمتر لە 10 خولەک دەیبیننەوە کە لە حەوشەی ماڵەکەدا کەوتووەتە نێو مەلەوانگەکە و خنکاوە، هەموو کارەساتەکە لە مەرگی لیلی سەریهەڵداوە".

وەک سەرتیپ و کەسوکارەکە باسی دەکەن، ئەم رووداوە کاریگەری زۆر خراپی دەروونی لەسەر فەرمانی برای دانا و بەردەوام ئاگایان لێبوەو بەشێک لە ماڵبادە لای بوون و بەشێکی دیکەش بەردەوام لە رێگای تەلەفونەوە قسەیان لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەی باری ئەو خەمەی لەسەرشان سووک بکەن. فەرمان هەموو کات بە برا و کەسوکارەکەی گوتوە "باشم و هەوڵ دەدەم باشتر بم".

لە ئاکامدا  سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە، دایکی فەرمان کە پاش نوێژ و نزای بەیانی بۆ پیاسەکردن دەچێتە دەرەوەی ماڵ، لە کاتی گەڕانەوەدا دەبینێت دەرگاکە داخراوە و نزیک بە کاتژمێر چاوەڕوان دەبێ کە کەسێک لە خەو هەڵسێ و دەرگای لێبکاتەوە، دواتر کوڕەکانی ئاگاداردەکاتەوە کە کەس وەڵامناداتەوە و ەدرگا ناکەنەوە، کەسوکاری فەرمان پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، فەرمان لەیلای خێزانی و دوو کوڕەکەی بەناوی مەتین کە تەمەنی دوو ساڵ بوو لەگەڵ شاهین کە تەمەنی 12 ساڵ بوو و هەروەها خۆشی کوشتوە. پۆلیس پێی وایە مردنی لیلی هۆکاری ئەو تراژیدیایە.

خزم و ناسیاوانانی ئەو ماڵبادە بە رووداوەکە پەشۆکاون و هەرگیز چاوەڕوانی کارەساتی وایان نەکردوە.