ئاسۆ زەنگەنە: لە دوای 22ـی ئابەوە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیان کردووە

ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی
ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، رایدەگەیەنێت، بەراورد بە هەفتەی پێشوو لە سلێمانی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادیان کردووە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە کۆلێرا دەچن. ئاسۆ زەنگەنە دەشڵێت: ئەگەری هەیە ئاو هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بێت.

ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکهات بۆ بەدواداچوون لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە سەردانی سلێمانییان کرد، بەهۆی ئەوەی ئەو ماوەیە رێژەیەکی بەرچاو نەخۆشی سکچوون و رشانەوە زیادیکردووە، هەروەها لە سلێمانی رۆژانە نزیکەی 60 کەس بەهۆی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن.

هاوکات راشیگەیاند، بەراورد بە هەفتەێ پێشوو لە سلێمانی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادیان کردووە، هەروەها لە دوای 22ـی ئابەوە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە کۆلێرا دەچن و "ئێمە پشکنینمان بۆ نەخۆشەکان ئەنجامداوە"، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا رادەگەیەنین.

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، دەشڵێت: ئەگەری هەیە ئاو هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بێت.

ناوبراو روونیکردەوە، ئەوەندەی تێبینمان کرد لە سلێمانی نزیکەی 17 تەنکەری فەرمی ئاو فرۆشتن هەیە، بەڵام ژمارەیەکی بێشومار لە تەنکەر هەیە کە کەس نازانێ ئاوەکانیان لە کوێوە دێن، پڕۆژەی ئاوەکان پێداویستی سلێمانی پڕناکەنەوە ئەمەش وادەکات هەندێک گەڕەك پشت بە ئاوی تەنکەر ببەستن ئەمەش سەرچاوەی کێشەیە و کەس نازانێت تەنکەرەکان ئاوەکانیان لە کوێوە دێنن، یاخود تا چەند ئاوەکانیان مەرجی تەندروستی تێدایە.

ئاسۆ زەنگەنە، باسی لەوەشکرد، تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە کە هۆشیاری بڵاوبکاتەوە بەڵکو ئەرکی هەمەلایەنانەیە، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی شارەوانییە لەو شوێنانەی کە سەوزەی لێ ئاو دەدرێت دەبێت چاودێری هەبێت لەوەی کە ئاگەداربن بە ئاوی پیس ئاو نەدرێت.

ناوبراو لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا گوتی: نەخۆشی کۆلێرا لە رێگەی پیساییەوە دەچێتە ناو خواردن و لەو رێگەوە کەسەکە تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

گوتیشی: نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا بەپەلە دەردەکەون، کەسەکە تووشی سکچوونێکی زۆر توند دەبێت، لەگەڵ سکچوونەکە تووشی رشانەوە دەبێت، زۆربەی تووشبووەکانیش لە ماوەیەکی کەمدا تووشی وشکبوونەوە دەبن بۆیە پێویستی بە چاسەری خێرایە، ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت زۆر جار بە مردنی کەسەکە کۆتایی دێت.

سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشی کۆلێرا، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت گرنگی بدرێت بە دەست شوشتن و بە پاکو خاوێنی ئاو، هەروەها دورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئابی 2023)تیمێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکانی سکچوون و کۆلێرا، گەیشتە شاری سلێمانی.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکردووە، لەسەر بڕیاری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، تیمی وەزارەتی تەندروستی گەیشتە شاری سلێمانی، بۆ بەدواداچوونی زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی سکچوون و پێداویستی و رێککارەکانی پەتازانی و چارەسەری و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی تووشبوون.

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "لەم ماوەیەدا حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لەنێو هاووڵاتییانی سلێمانی زیادیکردووە، پێشتر منداڵان زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبوون، بەڵام ئێستا لە هەموو تەمەنەکان تووشبوون بەو حاڵەتە زیادیکردووە، زۆربەشیان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە تووشی کۆلێرا بووبن".

سەبارەت بە ئاماری تووشبووان بە کۆلێرا لە سنووری سلێمانی، د. هێرش گوتی: "هەرچەندە ئامارێکی دروستمان لەبەر دەست نییە، بەڵام بە گشتی حاڵەتەکان زیادیان کردووە".

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچوون رشانەوە بڵاوکردبووەوە کە بریتین لە:

1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.

2- سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.

3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.

4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت  و پاك و خاوێن  ڕاگرتنی.

6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.