سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 15 دۆنم زەوی بۆ نەخۆشخانەیەك لە مەخموور تەرخانکرد

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانكردنی (15 دۆنم) زەوی لە قەزای مەخموور بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی بۆ هاووڵاتییانی مەخموور و دەوروبەری.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی ئابی 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر تەرخانكردنی (15 دۆنم) زەوی لە كەرتی 7 ـی قەزای مەخموور بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێلەیی بۆ هاووڵاتییانی مەخموور و دەوروبەری.

بە گوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كراوە، داواش كراوە بڕیارەکە بەگوێرەی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان جێبەجێبکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر خەڵكی سنووری قەزای مەخموور ئەو كێشەیەیان گەیاندە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داواكاری هاووڵاتییانی سنوورەكەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە و سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە ماوەیەكی كەمدا فەرمانی كرد بە تەرخانكردنی زەوییەکە بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بۆ هاووڵاتییانی قەزای مەخموور و دەوروبەری.