د. هێرش سەید سەلیم: 10 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمار کراوە

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە پشکنینەکان پشتڕاستکراوەتەوە 10 کەس لە سلێمانی تووشی کۆلێرا بوونە.

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیکرد، پشکنینمان بۆ تووشبووان کرد و بۆ پشتڕاکردنەوە نێردرایە بەغدا، لەوێ پشتڕاستکراوەتەوە کە 10 کەس لە سلێمانی تووشی کۆلێرا بوونە".

گوتیشی: "دڵنیایین بەشێک لەو نەخۆشانەی لەژێر چاودێری دان و سکچوون و رشانەوەیانە تووشی کۆلێرا بوونە، لە بەغدا پێیان گوتوین هەر حاڵەتێک لای ئێوە پۆزەتیڤ بێت پێویست ناکات بۆ دڵنیا بوونە بینێرنە بەغدا".

د. هێرش، ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو نەخۆشانە تووشی سكچوون و رشانەوە بوونە وەکو تووشبووی کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

رێنمایی هاووڵاتییانی کرد، کە خۆیان بپارێزن لە خواردنەوەی ئاو کە دڵنیا نەبن لە پاکی، هەروەها خواردنی سەوزە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت: "لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە پێشبینی ئەوەمان کرد، کە کۆلێرا بڵاودەبێتەوە و حاڵەتەکان زیاتر دەبن، دەرمانی پێویستمان بۆ چارەسەری کۆلێرا لە نەخۆشخانەکان دابینکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوای هاوکاریمان لە وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە، بۆ ئەوەی پشکنینەکان زیاتر بکرێن، هەروەها هەماهەنگ بن لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو، پێویستمان بە هاوکاری مادی و لۆجسگتی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆلێرا، بۆ ئەمەش دەبێ هەموو سێکتەرەکان هاوکارمان بن".