ئەمەریکا: رووسیا بەدوای چەکی قورس و هەمەجۆردا دەگەڕێت

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا (وێنە: Susan Walsh / AP)
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا (وێنە: Susan Walsh / AP)

K24 - هەولێر

رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدات، زانیاری هەواڵگریی نوێیان لایە لەبارەی بەرەوپێشچوونی چالانەکی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور بۆ دابینکردنی چەک. دەشڵێت: "رووسیا بەدوای چەکی قورس و هەمەجۆردا دەگەڕێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی ئابی 2023، جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، هۆشداریی دایە کۆریای باکوور لەبارەی پشتیوانی کردنی ڕووسیا لەڕووی سەربازییەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پشتیوانییە ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

وەکو ئەوەی جۆن کێربی باسی کرد، سەردانەکەی 26ی تەمووزی سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی ڕووسیا بۆ کۆریای باکوور، زەمینە سازی بوو بۆ سەردانی داهاتووی بەرپرسانی ڕووسی بۆ پیۆنگ یانگ و گوتی: ''لە مانگەکانی داهاتووشدا کۆبوونەوە باڵاکان بەردەوام دەبن''.

جۆن کێربی ئاماژەی بەوە کرد، ڕووسیا تیشکی خستووەتە سەر زیادکردنی بەکارهێنانی چەکی قورس لە جەنگی ئۆکراینادا، لەبەرئەوە مۆسکۆ بەدوای تەقەمەنی چەکی قورس و هەمەجۆردا دەگەڕێت، لەو چوارچێوەیەشدا پەنای بردووەتە بەر کۆریای باکوور.

بەگوتەی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی پێشهاتەکان لە نزیکەوە و نیگەرانن لە گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ لەبارەی چەک.

هەروەها کێربی بانگی لە کۆریای باکوور کرد بۆ ڕاگرتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕووسیا لەبارەی چەک و، گوتی: ''داوا لە پیۆنگ یانگ دەکەین پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بە رای گشتیی داوە لەبارەی دەستەبەرنەکردنی چەک یان فڕۆشتنی بە ڕووسیا''.

رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا وردەکاری نەخستەڕوو لەبارەی چۆنیيەتی بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگریی لەبارەی بەرەوپێشچوونی چالانەکی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور سەبارەت بە چەک، بەڵام باسی لەوە کرد کە ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بنیاتنراون کە بە کراوەی بە ڕووی خەڵکدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دراون.