مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی تورکیا بۆ ساڵی داهاتوو زیادکرا

لیرەی تورکی
لیرەی تورکی

K24 – هەولێر:

حکومەتی تورکیا لەگەڵ سەندیکاکانی وڵاتەکەی گەیشتە رێککەوتن لەسەر زیادکردنی رێژەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە رێژەی 15% بۆ شەش مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو.

رۆژی پێنجشەممە (31ـی 8ـی 2023)، ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەت و سەندیکاکان، ئەنجوومەنی دادوەریی نێوان هەردوولا بڕیاریدا بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە رێژەی 15% بۆ نیوەی یەکەم و 10% بۆ نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو.

هاوکات ئەنجوومەنی ناوبراو بۆ ساڵی 2025 بڕەکەی کەم کردووەتەوە و بەو پێیەش لە شەش مانگی یەکەم 6% و بۆ شەش مانگی کۆتاییش 5% دەبێت.

هاوکات ئەو جیاوازییەی کە بەهۆی هەڵاوسانەوە لە دابینکردنی مووچە دروست دەبێت، لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ کۆتا کۆبوونەوەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی بڕی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی تورکیا بەڕێوەچوو کە پێشتر راگەیەندراوبوو بڕیار لەسەر زیادکردنی مووچە بۆ دوو ساڵی داهاتوو دەبێت.

پێشتر ژمارەیەک دانیشتن و کۆبوونەوەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە کرا و حکومەت داوای کردبوو زیادکردنەوە بۆ ساڵی داهاتوو لە شەش مانگی یەکەمدا 14% و لە شەش مانگی دووەمیش 9% بێت بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن سەندیکای فەرمانبەرانەوە رەتکرابووەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی چوار ملیۆن فەرمانبەری حکومەت و دوو ملیۆن و نیو فەرمانبەری خانەنشینکراو لە تورکیا هەن و بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا لەو وڵاتە هەیە، بەشێوەیەکی زەحمەت بژێوی ژیان و گوزەرانیان بەڕێدەکەن، کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خواردەمەنی و هۆکارەکانی گواستنەوە، وایکردووە مووچەکانیان بەشی پێدوایستییەکانی رۆژانەیان نەکات.

رۆژی (20ـی حوزەیرانی 2023)، دوای سێیەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچەی تورکیا، ڤێدات ئیشیخان وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەمترین مووچەی نوێی راگەیاند و بەگوێرەی بڕیارەکە، تورکیا کەمترین مووچە بە رێژەی 34% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11 هەزار و 420  لیرە کە دەکاتە نزیکەی 430 دۆلار.