دانا عەزیز: بەهۆی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر، هەناردەکردنی بەروبووم نزیکەی سەدا 60 کەمیکردووە

ئارام حەساری: بەهۆی داخستنی ئەم رێگەیەوە رۆژانە بازرگانەکان نزیکەی 500 ملیۆن دینار زیان دەکەن
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر و ئارام حەساری، بازرگان
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر و ئارام حەساری، بازرگان

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، رایدەگەیەنێت، داخستنی ئەم رێگەیە زەرەر و زیانێکی زۆری بۆ جووتیاران و بازرگانان هەیە، هەروەها کرێی بارهەڵگریش لە رێگەکە لە 350 هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 600 هەزار. بازرگانێکێش دەڵێت: بازرگانان بەهۆی داخستنی رێگەکە رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن دینار زیان دەکەن و ئەگەریش بەم شێوەیە رێگە داخستنەکە بەردەوامبێت بەهۆی زیانەوە دەبێت کۆمەڵێک لە کارمەند لە کارەکردن دووربخەمەوە.

دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر و ئارام حەساری، بازرگان، بە کوردستان24ـیان راگەیاند، بەهۆی داخستنی ئەم رێگەیە زیانێکی زۆر بە بازرگانان و جووتیاران کەوتووە، هاوکات بووەتە هۆی ئاستەنگی بۆیان و نرخی بەروبوومی جووتیاران دابەزیوە و کرێی بارهەڵگریش بۆ دوو ئەوەندە بەرز بووەتەوە.

دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، پێشتر رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن بەروبووم هەناردە دەکرا بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 700 تۆن بەروبووم هەناردە دەکرێت، هەروەها بەهۆی ئەو رێگری کردنە 60%ـی هەناردەکردنی بەروبوومی جووتیاران کەمیکردووە.

سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، دەشڵێت: کرێی بارهەڵگریش لەو رێگەکە لە 350 هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 600 هەزار دینار.

لەلایەن خۆیەوە، ئارام حەساری، بازرگان، رایگەیاند، کرێی بارهەڵگر بووەتە دوو ئەوەندە، هەروەها بەهۆی ئەم داخستنەوە وایکردووە خەڵک پارەکانیان بکشێننەوە لە بازاڕ.

راشیگەیاند، رێگەی دی هەیە بۆ هاتووچۆ، بەڵام نا‌هێڵن بارهەڵگر پێیدا هاتووچۆ بکات.

ئەو بازرگانە دەشڵێت: دەیانەوێت لە رێگەی داخستنەی ئەم رێگەیە بازرگانی ناوەند بەهێز بێت، دەیانەوێت بازرگانی کوردی نەمێنێت.

ئارام حەساری، ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی داخستنی ئەم رێگەیە رۆژانە بە کۆی بازرگانەکان نزیکە 500 ملیۆن دینار زیان دەکەن، هەروەها ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت دەبیت بۆ هەفتەی داهاتوو چەند کارمەندیك لە کارەکەی دووربخەمەوە.

لەبارەی بازگەکانی کەرکووکیشەوە کە بەدەست سووپای عێراقییە، ئەو بازرگانە، گوتی: ساڵێک زیاترە بەدەست ئەم بازگانەوە دەناڵێنین هەموومان دەبێت بەرتیل بدەین ئینجا رێگە دەدەن بۆ ئەوەی کەلووپەلەکان بگوازینەوە.

ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە بیانووی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ كەركووك رێگەی کەرکوک هەولێریان داخستووە، ئەمەش وایكردووە ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست ببێت.

لە 1ـی 5ـەوە  تاکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 200 بارهەڵگر بەروبوومی جووتیاران هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە و بڕیاریش بوو ئاستەنگ بۆ جووتیاران دروست نەكرێت.