بەهۆی داڕمانی بەفر گەشتیارێک لە چۆمان بەسەختی بریندار بوو

وێنەی گەشتیارە بریندارەکە لە نەخۆشخانەی چۆمان
وێنەی گەشتیارە بریندارەکە لە نەخۆشخانەی چۆمان

K24 - هەولێر:

لە سنووری قەزای چۆمان گەشتیارێکی عەرەب بەفری کوێستانی پڕژێ بەسەریدا کەوت و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.

محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان بە کوردستان24ی راگەیاند، بریندارەکە کە ئێستا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، ناوی فەواز ناتق سوبحییە و لەدایکبووی 1992ـەوە و خەڵکی موسڵە.

ئاماژەی بەوەشدا، برینەکانی سەختن و وێڕای زامداربوونی سەری، هەردوو قاچی شکاوە.

سەبارەت بە وردەکاری برینداربوونی گەشتیارەکە، رایگەیاند، ئەو گەشتیارە بۆ وێنەگرتن چووەتە ژێر چینێک بەفری کوێستانی پڕژێیە و دواتر بەفرەکە بەسەریدا داڕماوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان گوتیشی: لێرە چارەسەری سەرەتایی و خێرای بۆ ئەنجامدەدەین و رەوانەی هەولێری دەکەین.

هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، لە دوو مانگی رابردوو، بەردەوام گەشتیارانمان لە مەترسی چوونەژێر کەویەبەفرینیەکانی پڕژێ ئاگادارکردووەتەوە بەڵام هەندێک لە گەشتیاران پابەند نابن و زۆرجاریش تیمەکانی ئێمە کە رێگریان لێ دەکەن بچنە ئەو شوێنانە، گەشتیاران کێشەیان لەگەڵ دروست دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ ئەمە دووەم حاڵەتی برینداربوونی گەشتیارانە بەهۆی بەسەرداڕمانی کەویەبەفرینیەکانی کوێستانی پڕژێی سنووری قەزای چۆمان.