سه‌ركرده‌يه‌كى په‌كه‌كه: ئێمه دژى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كورديين
K24 – هه‌ولێر:
يه‌كێك له فه‌رمانده دێرينه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه)، رايگه‌ياند، ئه‌وان ئازادى به گرنگتر له سه‌ربه‌خۆيى ده‌زانن و بڕوايان وايه كه له رێگه‌ى ديموكراتيزه‌كردنى كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌توانرێت هه‌مووان به مافه بنچينه‌ييه‌كانى خۆيان بگه‌ن، هه‌ربۆيه له برى سه‌ربه‌خۆيى و جيابوونه‌وه له توركيا، كار بۆ ديموكراتيزه‌كردنى توركيا ده‌كه‌ن و له باره‌ى رژێمى سورياشه‌وه گوتى: ئێمه وه‌فادارين به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ى ديمه‌شق له رابردوودا بۆ ئێمه‌ى كردووه و گوتيشى: په‌يوه‌نديمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا به‌رده‌وامه. سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تى كورديش، گوتى: دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردى زيادبوونى كێشه‌يه‌كى ديكه‌يه.
رۆژنامه‌ى سه‌فيرى لوبنانى كه له رژێمى سوورياوه نزيكه چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ره‌زا ئاڵتوون، ئه‌نجامداوه و ئه‌و رۆژنامه‌يه، ناوبراوى وه‌ك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان و يه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانى په‌كه‌كه و به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و حزبه و كه‌سايه‌تييه‌كى ديارى گۆڕه‌پانى سووريا و لوبنان له ده‌يه‌ى هه‌شتاكاندا وه‌سفكردووه.
رۆژنامه‌كه له باره‌ى كورده‌وه، ئه‌وه‌ى نووسيوه، كه ئه‌زموونى فيدراڵى گه‌وره‌ترين ده‌ستكه‌وتى كورده كه تا ئێستا به‌ده‌ستهاتووه و ئێستاش چاويان بڕيوه‌ته رۆژئاڤا و به گه‌شبينييه‌وه بۆى ده‌ڕوانرێت و به‌ڵام ئه‌زموونه‌كه هێشتا له‌وێ نه‌خه‌مڵيوه.
سه‌باره‌ت به توركيا رۆژنامه‌ى سه‌فير نووسيويه‌تى: كورد له توركيا رووبه‌ڕووى چه‌وساندنه‌وه‌ى ره‌گه‌زپه‌رستانه ده‌بنه‌وه و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆرترين ژماره‌يان له‌وێيه، زۆر قووڵبوونه‌ته‌وه له تێكۆشانى سياسى و زۆرتر قوربانيان داوه.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شى نووسيوه كه دواى سه‌رهه‌ڵدانى به‌هارى عه‌ره‌بى، كورد كاره‌كته‌رى به‌رچاو و ديارى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پارتى كرێكارانى كوردستانيش وه‌ك كاره‌كته‌رێكى به‌هێز له گۆڕانكارييه‌كانى سووريا و توركيا ده‌ركه‌وتووه.
رۆژنامه‌ى سه‌فير باسى له‌وه‌شكردووه، ده‌ستڕاگه‌يشتن به به‌رپرسانى په‌كه‌كه ئه‌سته‌مه به هۆى زۆرى جوڵه‌يان و گۆڕينى شوێنى مانه‌وه‌يان و له‌و چوارچێوه‌يه‌دا له رێى ته‌كنۆلۆجياوه به ئه‌سته‌م توانيانيويانه چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ره‌زا ئاڵتوون ئه‌نجامبده‌ن.
پرسيارێكى ته‌قليديى: ئايا داخوازى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كورديى له توركيا هێشتا له توێى داواكانى كورده؟
ره‌زا ئاڵتوون: ئێمه له سوچى نه‌ته‌وه‌يى و ره‌گه‌زى دياريكراوه‌وه ناڕوانيينه بابه‌تى پرسى كورد. به‌ڵكو ئێمه وه‌ك بنه‌ما و بنچينه‌ى ئازادى هه‌موو گه‌لانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌قه‌ڵه‌ميده‌ده‌ين. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ش ده‌توانرێت هاوبه‌ندى له نێوان پێكهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست درووستبكرێت.
هه‌ڵوێستى ئێمه به شێوه‌يه‌كى گشتيى په‌يوه‌سته به به‌سته‌ره مێژوويى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
به شێوه‌يه‌كى گشتيى و سرووشتيانه ئه‌گه‌ر چاو به مێژووى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بخشێنينه‌وه، هه‌موو ئه‌زموونێك هه‌وڵيداوه، رێچكه‌يه‌كى نه‌ته‌وه‌يى بۆ بنياتنانى ده‌وڵه‌تێكى نه‌ته‌وه‌يى بگرێته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆى درووستبوون و سه‌رهه‌ڵدانى ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانى ديكه له پێناو مانه‌وه‌ى كيانه ره‌گه‌زى و نه‌ته‌وه‌يى و ئاينى و مه‌زهه‌بييه‌كه. هه‌ربۆيه ئێمه نامانه‌وێت بچينه ناو ئه‌و چوارچێوه‌يه‌وه. چونكه ئه‌گه‌ر بچينه ناو هه‌مان ئه‌زموونه‌وه، ئه‌وا ده‌كه‌وينه‌وه ناو ئه‌و بازنه داخراوه‌ى كه ئه‌مڕۆ له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌يه و كێشه‌يه‌كى ديكه بۆ كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان زياد ده‌كه‌ين. ئێمه به دواى چاره‌سه‌رى ئه‌و چه‌قبه‌ستووييه‌ى ئێستادا ده‌گه‌ڕێين. هه‌ربۆيه ئێمه كار بۆ ديموكراتيزه‌كردنى وڵاتان و رێزگرتن له جۆرايه‌تى ره‌گه‌زى و نه‌ته‌وه‌يى و ئاينيى و مه‌زهه‌بى ده‌كه‌ين.
ئێمه له برى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و بانگه‌شه كردن بۆ جيابوونه‌وه و دابه‌شكردن و ئه‌و جۆره شتانه، ته‌ركيزمان له‌سه‌ر ئازادى كۆمه‌ڵگه‌يييه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه. پێش شه‌ڕى يه‌كه‌مى جيهان هيچ شتێك له‌م ناوچه‌يه ناوى ده‌وڵه‌ت نه‌بوو. لێره ئومه‌ى عه‌ره‌ب هه‌بووه كه عه‌شيره‌ت و هۆزه‌كانى له‌خۆگرتووه. كۆمه‌ڵگه‌كان زۆرتر به ده‌م يه‌كه‌وه بوون. به‌ڵام دواى شه‌ڕ و دابه‌شكردنى ئومه‌ته‌كه بۆ ده‌وڵه‌تى جياجيا، كێشه و ناكۆكييه‌كان زياديان كرد.
پرسيار: كه‌واته پێشتر داواكردنى سه‌ربه‌خۆيى كه په‌كه‌كه داوايده‌كرد، داوايه‌كى هه‌ڵه بوو؟
ره‌زا ئاڵتوون: له برى قسه‌كردن له سه‌ر هه‌ڵه و راستيى، ئه‌و كاته‌ى ئێمه داواى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆمان ده‌كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و كات ئيمكانيه‌تى دامه‌زراندنى كيانێكى له‌و شێوه‌يه هه‌با، ئه‌وا ئێمه جه‌ختمان له‌سه‌ر ديموكراتيبوونى ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌كرده‌وه. ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا گۆڕانكارييمان له ده‌سته‌واژه‌كاندا كرد و له برى ده‌سته‌واژه‌ى سه‌ربه‌خۆيى داواى ئازادى ده‌كه‌ين، چونكه ئێمه بڕوامان وايه ئازادى بنچينه‌ييه بۆ ئێمه و غه‌يرى ئێمه‌ش. ته‌نانه‌ت له رووى ده‌سته‌واژه‌وه، ده‌سته‌واژه‌ى سه‌ربه‌خۆيى ئازادى ناگرێته خۆ، به‌ڵام ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى پرسى سه‌ربه‌خۆيش له توێى خۆي‌دا جێده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه بۆ حاڵ و باڵى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به تايبه‌تى دواى شه‌ڕى يه‌كه‌مى جيهان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌كان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌ييدا، ده‌بينين ئه‌و چاره‌سه‌ره هيچى نه‌گۆڕى جگه له درووستكردنى كێشه‌ى زۆرتر. هه‌ربۆيه ته‌ركيز خستنه سه‌ر درووستكردنى كيانێكى نه‌ته‌وه‌يى كورديى موجه‌ڕه‌د ده‌بێته هۆى زيادبوونى كێشه‌يه‌كى ديكه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بخه‌ينه سه‌ر ئازادى ئه‌وا كێشه‌كان به ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ر پاڵپێوه‌ده‌نێت.
له به‌شێكى ديكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، ره‌زا ئاڵتوون باسى له‌وه كردووه، به‌هارى عه‌ره‌بى بووه‌ته هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ره‌وتى سه‌له‌فى جيهادى و داعش و ته‌كفيرييه‌كان و ئه‌وان بير له‌وه ده‌كه‌نه‌وه چۆن رووبه‌ڕوويان ببنه‌وه.
كه‌مالييه‌كان به‌ره‌و ئيفلاسبوون ده‌ڕۆن
له روويه‌كى ديكه‌وه باسى له‌وه كردووه، كه هێزه سه‌رمايه‌داره‌كان و سه‌رمايه‌دارى نوێ و ئيمپرياليزمى نوێ، ده‌يانه‌وێت درێژه به سياسه‌ته‌كانيان بده‌ن و له رێى ده‌ستتێوه‌ردانه‌وه زيانر بره‌ويان پێ بده‌ن. ئه‌وان ئه‌و برۆكه‌يان له زيهنييه‌تى خۆرهه‌ڵاتناسه‌كانه‌وه وه‌رگرتووه. كه كار له‌سه‌ر جياييه‌كان له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌كه‌ن.
ره‌زا ئاڵتوون ده‌شڵێت: جياوازى و جۆرايه‌تى ره‌گه‌زى گرنگ و پێويسته ئه‌گه‌ر گه‌يشتينه دووڕيان، يان جياوازى و يان يه‌كێتى ئێمه ده‌ڵێين له‌گه‌ڵ يه‌كبوونين سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى جياوازيمان. من باسى كورد و عه‌ره‌ب و فارس ده‌كه‌م. جيا له تورك. چونكه توركه‌كان زۆر دواتر هاتوونه‌ته ناوچه‌كه و گه‌لێكى خاوه‌ن ره‌چه‌ڵه‌ك و مێژوويى دێرين نيين له‌م ناوچه‌يه‌دا... هه‌ر بۆيه ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ى ئۆجه‌لان پێشنيازى كردووه، بريتييه له ديموكراتيزه‌كردنى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و خۆدۆزينه‌وه‌ى هه‌موو كيانه‌كان له ناو پرۆژه‌ى كۆنفيدراڵيه‌تێكى گه‌وره‌دا.
ره‌زا ئاڵتوون باسى له‌وه‌شكردووه، له توركياى ئێستادا ره‌وتى كه‌مالييه‌كان كه سوورن له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به پێگه‌كانى ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ره‌و ئيفلاسبوون ده‌ڕۆن. ته‌نانه‌ت ره‌وته نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانيش كاريگه‌رييان نه‌ماوه.
ئه‌ردۆغان بانگه‌شه بۆ چى ده‌كات
له باره‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه، ئه‌و فه‌رمانده‌يه‌ى په‌كه‌كه ده‌ڵێت: زيهنييه‌تى ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى بانگه‌واز و بانگه‌شه بۆ مه‌زهه‌بييه‌ت ده‌كات و يارى له‌سه‌ر ئه‌و نه‌رێنييانه ده‌كات كه له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پاساو بۆ سياسه‌ته‌كانى بهۆنێته‌وه. هه‌موو ئه‌و ره‌وتانه‌ى له توركيا هه‌ن به كه‌مالييه‌كان و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان و مه‌زهه‌بييه‌كانه‌وه له دژمان وه‌ستاونه‌ته‌وه. هه‌تا زۆرتر بكه‌ونه دژايه‌تييمان هۆكارى كوده‌تا زۆرتر ده‌بن و هه‌موويان نايانه‌وێت دانمان پێدا بنێن و هيچ كامێكيشيان چاره‌سه‌ريان بۆ كێشه‌كانى توركيا پێ نييه.
كانتۆنه‌كان
"ناڵێين قاميشلۆ كوردييه"
ره‌زا ئاڵتوون باسى له سيستمى سياسى رۆژئاواى كوردستان كرد و رايگه‌ياند، له شارێكى وه‌ك قاميشلۆ كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن و چه‌ركه‌س و توركمان و خه‌ڵكانێكى ديكه ده‌ژين و ناشڵێين شارێكى كوردييه و ته‌نانه‌ت به‌شێك له عه‌ره‌به‌كان به هۆى ته‌عريبه‌وه هاتوون به‌ڵام ده‌رنه‌كراوون و له رۆژئاوا ده‌سته‌واژه‌ى ده‌وڵه‌ت به‌كارناهێنرێت و ئه‌وه‌ى هه‌يه ده‌وترێت كانتۆن چونكه هه‌ر وتت ده‌وڵه‌ت به ماناى ئه‌وه دێت پێكهاته‌يه‌ك ده‌سه‌ڵاتى زۆرترى به‌سه‌ر ئه‌وانى ديكه‌دا هه‌يه و هه‌وڵى په‌راوێزخستنيان ده‌دات. له كانتۆندا هه‌موو پێكهاته‌يه‌ك وه‌ك يه‌ك ئه‌زموونى خۆبه‌ڕێوبه‌رى ده‌كه‌ن به مه‌رجى ئه‌وه‌ى هيچ كامێكيان نه‌بێته مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌وى ديكه‌يان.
له باره‌ى كوده‌تاكه‌ى توركياوه ره‌زا ئاڵتوون ده‌ڵێت: ره‌وشى توركيا زۆر ئاڵۆزه و به‌و ئاسانييه يه‌كلا نابێته‌وه. ئه‌ردۆغان، گوله‌ن به ئه‌نجامدانى كوده‌تا تۆمه‌تبار ده‌كات و به كورتى ئه‌وه راست نييه و ئه‌گه‌ر گوله‌ن تێوه‌ش گلابێت ئه‌وا به رێژه‌يه‌كى زۆر كه‌مه.
گوتيشى: له توركيا نه‌ريتى كه‌مالى ده‌يه‌وێت هه‌ژموونى خۆى له رێگه‌ى چاودێرى سه‌ربازييه‌وه قوڵبكاته‌وه و عه‌سكه‌ر له توركيا دژى كورد و ئيسلام و سۆسياليستى ده‌وه‌ستێته‌وه. هاتنى ئه‌ردۆغان بۆ ده‌سه‌ڵات به پشتيوانى خۆرئاوا‌و و ئه‌نجامى چه‌قبه‌ستووى حوكمڕانى بوو له‌به‌رده‌م نه‌ريتى كه‌مالييدا به تايبه‌تى له رووى سه‌ركوتكردنى كورده‌وه. سه‌رده‌مى ئه‌ردۆغان هه‌رچه‌ند پڕ له هه‌وراز و نشێو بووه، به‌ڵام سه‌ره‌تاى شكانى نه‌ريتى كه‌مالى بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا دوو ره‌وتى كه‌مالى له ناو سووپادا هه‌بوون. ره‌وتێكيان ده‌يويست ده‌ستوپه‌نجه له‌گه‌ڵ سياسه‌تى ئه‌ردۆغان نه‌رمبكات و ره‌وتێكى ديكه‌ش هه‌بوو كه بڕواى وابوو پێويسته كوده‌تا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى جڵه‌وبگرنه‌وه ده‌ست. ئه‌م ره‌وته له‌گه‌ڵ توێژه‌كانى ديكه‌ى سوپا كه له ئه‌ردۆغان ره‌شبين بوون گه‌يشتبووه رێككه‌وتن و كوده‌تاكه شكستى هێنا و ئه‌وه‌ى ئێستاش رووده‌دات كوده‌تايه له دژى كوده‌تاكه به‌ڵام به به‌رگى مه‌ده‌نييه‌وه و له به‌رده‌ممان كه‌سێك هه‌يه كه ناوى ئه‌ردۆغانه و دان به ده‌ستووردا نانێت و تا ئێستا زياتر له 50 هه‌زار كه‌سى ده‌ستگيركردووه. مامۆستايانى زانكۆى ده‌ركردووه و 17 هه‌زار مامۆستاى ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و ئه‌و ژماره‌يه‌ش رووى له هه‌ڵكشانه.
كوده‌تاى راسته‌قينه ئه‌ردۆغان ده‌يكات
ره‌زا ئاڵتوون ئه‌وه‌شى گوت: ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت بيڵێم ئه‌وه‌يه كه كوده‌تاى راسته‌قينه و كرداريانه ئه‌و كوده‌تايه‌يه كه ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان ئه‌نجاميده‌دات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گريمانه‌ش بكه‌ين كوده‌تاكه سه‌ركه‌وتوو بوايه و له دواى خۆى ده‌سه‌ڵاتێكى ديموكراتى حوكمڕانى نه‌كردبايه و ده‌سه‌ڵاتى دژه كورد بوايه، هێشتا كه‌سيان له كه‌سيان باشتر نيين. نه ئه‌ردۆغان و نه سوپا. دواى هه‌ڵبژاردنى 7ى حوزه‌يرانى 2015 ئه‌ردۆغان كوده‌تاى به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا كرد و ئه‌وه كوده‌تايه بووه بنچينه بۆ چوون به‌ره‌و سيستمى سه‌رۆكايه‌تى و په‌كخستنى كارى دامه‌زراوه‌كانى ديكه‌ى وه‌ك دادگا. ئه‌م كوده‌تايه‌ى دوايى كوده‌تا بوو به‌سه‌ر كوده‌تاكه‌ى ئه‌ردۆغاندا.به‌ڵام شكستى هێنا و ئێستاش رووبه‌ڕووى كوده‌تايه‌كى نوێ ده‌بينه‌وه. به كورتى ئه‌ردۆغان مه‌ترسييه له‌سه‌ر كورد و ناوچه‌كه.
پرسيار: دواى كوده‌تاكه، ئايا سه‌ركوتكردنى كورد له ناوخۆدا په‌ره‌ده‌ستێنێت؟
ره‌زا ئاڵتوون: ئه‌و رۆڵه‌ى ئه‌ردۆغان هيواى بۆ ده‌خواست شكستى هێنا. ئه‌مڕۆ هه‌وڵده‌دات په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لايه‌ن ئاساييبكاته‌وه و له‌گه‌ڵ رووسيا و ئيسرائيل ده‌ستيپێكرد. چونكه پێشتر جگه له سعووديه و قه‌ته‌ر دۆستى نه‌مابوو. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌مريكاش ناكۆكى نه‌بوو. مايه‌پووچبوونى بووه هۆى ئه‌وه‌ى چاو به سياسه‌ته‌كانيدا بگێڕێته‌وه و له ناوخۆشدا رووداوه‌كان رووكارى واقيعيان گۆڕيوه. ته‌نانه‌ت هاوڕێ دێرينه‌كانى له ناو پارته‌كه‌ى پشتيان تێكردووه و ته‌نيا په‌راوێزێك له ده‌ستوپێوه‌ندى له‌گه‌ڵيدا ماوون و ئه‌و گۆڕانكارييانه زه‌مينه‌يان بۆ ئه‌نجامدانى كوده‌تا خوڵقاند.
دواى كوده‌تاكه، ئه‌ردۆغان چاوى به سياسه‌ته‌كانييدا نه‌خشاندووه‌ته‌وه و هه‌ر به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سياسه‌تى پێشووى ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆغان ده‌گه‌يه‌نێته دووڕێيه‌ك كه بژارى سێيه‌مى له‌به‌رده‌ستدا نييه. يان ئه‌وه‌تا له ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه و هه‌موو نه‌ياره‌كانى له‌ناوده‌بات و ده‌يانكوژێت، يانيش ئه‌وه‌تا خۆى تيابچێت رێگه‌ى سێيه‌مى له‌به‌رده‌مدا نييه... ئه‌گه‌ر به‌و جۆره به‌رده‌وام بێت توركيا به‌ره‌و ئاژاهوه‌يه‌كى گه‌وره ده‌بات... كليلى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى توركيا، پرسى كورده و ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌يه چاره‌سه‌ر نه‌بێت، كێشه‌كانى توركيا به‌رده‌وام ده‌بن.
ئه‌ردۆغان وتارێكى ديموكراسى پێشكه‌شكرد
ره‌زا ئاڵتوون سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا سه‌ره‌تا كاتێك ئه‌ردۆغان هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات دانى به پرسى كورددا نا و وتارێكى ديموكراتيانه‌ى خسته‌ڕوو و گوتى كێشه‌ى كورد چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ش به نسبه‌ت له سه‌دا 80ى گه‌له‌وه ده‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌بوو. به‌ڵام زۆرى پێ نه‌چوو، ئه‌ردۆغان پاشگه‌ز بوويه‌وه و كێشه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كرد و ده‌رگاشى به رووى كوده‌تاى سه‌ربازيدا كرده‌وه و ئه‌وه ده‌ستپێكى شه‌پۆلێكى كوده‌تاى سه‌ربازى به‌رده‌وامه مادام توركيا سه‌قامگير نييه و كێشه‌كانى به‌رده‌وامن. ره‌نگه ئه‌و كوده‌تايانه نزيك و ره‌نگه دوور بن. ئێمه به‌رهه‌ڵستكارى سياسه‌تى ئه‌ردۆغانين و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش دژى رێكخه‌رانى كوده‌تاى سه‌ربازين و ئێمه له‌سه‌ر هێڵى سێيه‌م سياسه‌ت ده‌كه‌ين. ئه‌ويش چاره‌سه‌رى پرسى كورده له‌سه‌ر بنه‌ماى ديموكراتى.
ئايا ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌مريكا پێويسته؟
ره‌زا ئاڵتوون: په‌يوه‌ندى توركيا به خۆرئاواوه ستراتيژييه. خۆرئاوا ئه‌تاتورك به ماڵ بۆ خۆى ده‌زانێت. خۆرئاواييه‌كان توركيا وه‌ك ئامرازێك له دژى نه‌ياره‌كانيان به‌كارده‌هێنن... به‌ڵام له شه‌ڕى كه‌نداو توركه‌كان زوو به ده‌م داواى خۆرئاواوه نه‌چوون و كه‌مالييه‌كان له سياسه‌تى ئه‌مريكا لاياندا. هه‌ربۆيه ئه‌مريكا له شه‌و و رۆژێكدا ئه‌ردۆغانى هێنايه سه‌رشانۆ و ئيسلامييه‌كانى هێنايه ده‌سه‌ڵاته‌وه. به به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ى كوشت، يه‌كه‌ميان له هه‌ژموونى كه‌مالييه توندڕه‌وه‌كانى دا و دووه‌ميشيان ئه‌ردۆغانى به سياسه‌تى جياوازه‌وه ده‌ويست. ئه‌ردۆغان رێبه‌رێك نييه له ناو گه‌له‌وه هه‌ڵكه‌وتبێت. به‌ڵكو ئه‌مريكا ئاماده‌ى كردووه و له شه‌و و رۆژێكدا ئه‌ستێره‌ى به‌ختى دره‌وشايه‌وه و هيچ سيفه‌تێكى ره‌سمى نه‌بوو. ماوه‌يه‌كى كه‌م له ئه‌مريكا ژيانى به‌سه‌ر بردووه و هاته‌وه كرديانه ئه‌و كه‌سه‌ى كه ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت... كه‌لێنى نێوان ئه‌مريكا و ئه‌ردۆغان تا راده‌يه‌ك فراوان بووه. به تايبه‌تى له سياسه‌تى به‌رامبه‌ر سووريا و عێراق و ليبيا و ميسر و ئيسرائيل. ئه‌مريكا چيديى به‌رامبه‌ر به‌و سياسه‌تانه‌ى ئه‌ردۆغان دان به خۆدا ناگرێت كه بوونه‌ته هۆى كێشه بۆ ئه‌مريكا. بينيمان هه‌رچه‌ند خۆرئاوا له‌گه‌ڵ كوده‌تاكه نه‌بوو، به‌ڵام له كاتژمێره‌كانى يه‌كه‌مدا و ته‌نانه‌ت تا دواى شكستى كوده‌تاكه هه‌ڵوێستيان ده‌رنه‌بڕى. بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوايه لێدوانه‌كانيان ئێستا جياواز ده‌بوون.
ئايا ئه‌مريكا جێ په‌نجه‌ى به‌و كوده‌تايه‌وه هه‌يه؟
ره‌زا ئاڵتوون: ره‌نگه، چونكه ئه‌مريكا سه‌ره‌تا بێده‌نگ بوو.
پرسيار: ئايا ئه‌مريكا ده‌ستوه‌ردانى كردووه بۆ شكستپێهێنانى كوده‌تاكه؟
ره‌زا ئاڵتوون: ناتوانين به دڵنياييه‌وه ئه‌وه بڵێين، چونكه ئه‌ردۆغان گوله‌ن تۆمه‌تبار ده‌كات و گوله‌نيش له ئه‌مريكايه و له‌و نێوه‌دا ناكرێت كوده‌تا بكرێت به بێ ئاگادارى ئه‌مريكا.
پرسيار: ئايا هيچ په‌يوه‌نديى له نێوان پارتى كرێكارانى كوردستان و ئه‌مريكادا هه‌يه؟
ره‌زا ئاڵتوون: په‌يوه‌ندى هه‌يه، به‌ڵام پێشكه‌وتوو نيين و نه‌گه‌يشتوونه‌ته ئاستى هه‌ماهه‌نگى.
پرسيار: په‌يوه‌ندى راسته‌وخۆ؟
ره‌زا ئاڵتوون: قۆناغێكه له نێوان راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ.
پرسيار: ئايا ئه‌مريكا به‌ڵێنى داوه بۆ پشتيوانيكردنى فيدراڵييه‌تى كورد له سووريا؟
ره‌زا ئاڵتوون: به هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌و به‌ڵێنه‌ى نه‌داوه، ئه‌مريكا سياسه‌تى پراگماتيانه‌ى هه‌يه. ئه‌مريكا پشتيوانى فيدراڵى ناكات، به‌ڵام راسته‌وخۆش ره‌تيناكاته‌وه و دانيشى پێدانانێت و وه‌ك ئه‌مرواقيعێك ده‌مێنێته‌وه و چاوه‌ڕێى ئه‌وه ده‌كات بزانێت ئه‌و ئه‌زموونه چى لێده‌كه‌وێته و تا چه‌ند له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌ودا يه‌كده‌گرێته‌وه و له ژێر په‌رده‌وه ده‌ڵێن ئێمه دژى فيدراڵى نيين و به ئاشكراش ده‌ڵێن ئێمه دژى دابه‌شكردنين، ئه‌مه له كاتێكدايه فيدراڵييه‌ت دابه‌شكردن نييه.
پرسيار: ئايا ئه‌مريكا رێگه به كورد ده‌دات بگاته عفرين و هه‌رێمێكى كوردى پێكبهێنێت؟
ره‌زا ئاڵتوون: ئه‌مريكا يارى به هه‌موو ره‌گه‌زه‌كان ده‌كات و نه‌بووه‌ته رێگرێكى جدى له‌به‌رده‌م گه‌يشتنى كورد بۆ عفرين، به‌ڵام به توركيا ده‌ڵێت دان به كيانى كوردى رۆژئاوادا نانێين.
پرسيار: په‌يوه‌نديتان له‌گه‌ڵ رژێمى سووريا هه‌يه؟
ره‌زا ئاڵتوون: له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا په‌يوه‌نديمان له‌گه‌ڵ ديمه‌شق هه‌بووه، به‌ڵام يه‌كدى زۆر نابينين.
پرسيار: ئايا ده‌ركردنى ئۆجه‌لان له سووريا كاريگه‌رى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانتان له‌گه‌ڵ ديمه‌شق درووست نه‌كردووه؟
ره‌زا ئاڵتوون: ئێمه وه‌فادارين بۆ په‌يوه‌نديمان له‌گه‌ڵ سووريا و هه‌موو ئه‌وه‌ى له رابردوودا ديمه‌شق پێشكه‌شيى كردووين.