نەبیلە مەسرالی بۆ کوردستان24: ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین

نەبیلە مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە
نەبیلە مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە

K24 - برۆکسل:

گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە ئاشکرایکرد، ئەوان بەردەوام دەبن لە چارەسەری کێشەکانی هەولێرو بەغدا لە چوارچێوەی پشتیوانیان بۆ سەروەری و یەکپارچەی خاکی عێراق و هاوکات گوتی: ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین

ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) لەمیانی بەڕێوچوونی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لەبارەگای سەرەکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەنجامدرا، نەبیلە مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە، وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی داوە و گوتی: بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی پشتیوانیمان بۆ سەروەری و یەکپارچەی خاکی عێراق.

ناوبرا ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە وڵاتانی دراوسێش رێز لەسەروەری خاکی عێراق بگرن و دەستدرێژی نەکەنە سەر خاکی عێراق.

گوتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکرد، بەتوندی ئیدانەو سەرکۆنەی ئەو هێرش و بۆمبارانە دەکەین کە دەکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان کەسوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارن لەو رووداوانەدا.

پێشتریش دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زۆر بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن، ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئامادەن بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان.