گەشتیارێک لە ئاوی زێی گەورەدا خنکا

K24 – هەریر:

گەشتیارێکی بەڕەگەز عەرەب لە ئاوی زێی گەورەدا خنکا، هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی بنکەی قەندیل سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارەکە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە قەندیل لە سنووری قەزای هەریر گەشیارێکی بەڕەگەز عەرەب لە ئاوی زێی گەورەدا خنکا و تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی بنکەی قەندیل سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەشتیارە کە ناوی عەبدوڵڵا وەلید مەجید تەمەن 30 ساڵە،  خەڵکی باشووری عێراقە و دانیشتووی گەڕەکی پێنجی حەسارۆکی هەولێرە.

بە گووتەی شایەتحاڵەکان بۆ کوردستان24، ئەوان هەشت هاوڕێ بوونە و بۆ گەشت هاتوون، لەکاتی وێنەگرتندا عەبدوڵڵا قاچی خزیوە و کەوتووەتە نێو ئاو، هاوڕێکانی هەوڵی رزگارکردنیانداوە، بۆیە گیانی یەکێکیشیان کەوتووەتە مەترسی بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە توانیویانە رزگاری بکەن و رەوانەی نەخۆشخانەی هەریر کراوە بۆ چارەسەر.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی مەلەوانی بەرگری شارستانی قەندیل سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی گەشتیارەکە، تا ئێستا نەدرۆزاوەتەوە، قەدیل ناوچەیەکە دەکەوێتە سنوری نێوان قەزای هەریر و ئاکرێ و زێی گەورە بەسنوری نێوان هەردوو قەزاکە رەت دەببێت.

رۆژی (26ـی ئابی 2023) ناز جەلال، بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە هاوینی ئەمساڵدا 13 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، لەو ژمارەیەشدا 9 کەسیان لە زێی گەورە خنکاون".

گوتیشی: "تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆییمان راسپاردووە، کە هەڵمەتێکی بەرفراوان دەستپێبکەن، بۆ هوشیاری مەلەکردن لەو شوێنە گەشتیارییەکان، یەکەم شوێنیش ئەمڕۆ لە زێی گەورە لە قەزای خەبات هەڵمەتەکە بەڕێوەدەچێت و لە شوێنەکانی دیکە بەردەوام دەبێت".

بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە ساڵی رابردوودا 77 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، هەروەها لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 56 حاڵەتی خنکان هەبووە.