شارەوانی ئیستانبوڵ خێرایی سکۆتەرە کارەباییەکان دیاریدەکات

شاری ئیستانبوڵ
شاری ئیستانبوڵ

K24 – هەولێر:

بەهۆی زۆربوونی بەکارهێنانی سکۆتەری کارەبایی بۆ هاتووچۆ لە ناوچە جیاوازەکانی ئیستانبوڵ، بەرپرسانی ئەو شارە بڕیاریاندا لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، خێرایی بەکارهێنانی سکۆتەری کارەبایی سنووردار بکات.

بەگوێرەی بڕیارێکی سەنتەری هەماهەنگی گواستنەوەی شارەوانی شاری ئیستانبوڵ، بڕیاردراوە لە ناوچەکانی کادیکۆی، شیشلی، بێشکتاش، بەیئۆغڵو و فاتیح خێرایی بەکارهێنانی سکۆتەری کارەبایی لە 12.5 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاتر نەبێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو ناوچانەی ئیستانبوڵ، بڕیارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی قەرەباڵەغی و هاتووچۆی زۆری هاووڵاتییان و گەشتیاران، سکۆتەرە کارەباییەکان مەترسیان بۆ سەر ژیانیان دروستکردووە.

پێشتریش لە ساڵی 2020، خێرایی جووڵەی سکۆتەرە کارەباییەکان بە 20 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکرا بەهۆی گیان لەدەستدانی دوو قوتابی لە شاری ئەنتاڵیا دوای بەرکەوتنیان بە سکۆتەرێکی کارەبایی کە کەسێک بەخێراییەکی زۆر خۆی پێیاندا کێشا.

هەروەها لە ماوەی رابردووش چەند رووداوێکی پێکدادانی نێوان بەکارهێنەرانی سکۆتەری کارەبایی و هاووڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی ئیستانبوڵ تۆمارکراوە.

بەهۆی قەرەباڵەغی شاری ئیستانبوڵ و زەحمەتی هاتووچۆ و گرانی نرخی کرێی هۆکارەکانی گواستنەوە، بەشێک لە هاووڵاتییان و گەشتیاران سکۆتەری کارەبایی وەک ئامرازێکی گواستنەوە لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە بەکاردەهێنن، کە بەشێکیان لەلایەن شارەوانی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە لە شوێنە گشتییەکان بەشێوەی کرێ دانراوە و بەشێوەی گشتیش منداڵان و مێردمنداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ بۆیان نییە لەناو شاردا سکۆتەری کارەبایی بەکاربهێنن.