وەزارەتی نەوتی عێراق رێژەی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئاب ئاشکراکرد

کێڵگەیەکی نەوتی عێراق
کێڵگەیەکی نەوتی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی هەشتی فرۆشی نەوتی راگەیاند کە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە و زیاتر 106 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.

رۆژی هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری هەناردەکردن و داهاتی نەوتی بۆ مانگی هەشت ئاشکرا کرد کە بەپێی داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ، لە فرۆشتنی 106 ملیۆن و 122 هەزار و 874 بەرمیل نەوتدا، داهاتەکەی هەشت ملیار و 846 ملیۆن دۆلاربووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 105 ملیۆن و 236 هەزار و 963 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، هەروەها 464 هەزار و 725 بەرمیلیش هەناردەی ئوردن کراوە و لە کێڵگەی نەوتی گەیارەش، 421 هەزار و 156 بەرمیل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

لەبارەی هەناردەکردنی رۆژانە، وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردووەتەوە، رۆژانە سێ ملیۆن و 423 هەزار بەرمیل هەناردەکراوە کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت 83.35 دۆلار بووە.

هەروەها رۆژی چوارشه‌ممه‌ (23ـی ئابی 2023) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، بە گوێرەی دوا ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ، عێراق لە مانگی تەمموزدا بڕی 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیلی هەناردە کردووە و کۆی داهاتیشی بریتی بووە لە هەشت ملیار و 330 ملیۆن و 475 هەزار دۆلار.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر بەرمیلێک نەوت بۆ مانگی تەمموز بە 78.033 دۆلار فرۆشراوە و لەلایەن 40 کۆمپانیای جیهانی جیاوازەوە لە بەندەرەکانی بەسڕە، خورخەبیر، کەنداو، بەندەری جیهان و تەنکەرەوە بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی عێراق گواستراوەتەوە.