لە کرماشان هێلیکۆپتەرێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کەوتە خوارەوە

K24 – هەولێر:

میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، لە پارێزگای کرماشان لە شاری دالاهۆ هێلیکۆپتەرێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کەوتە خوارەوە.

ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) عەلی شەعبانی، یاریدەدەری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، لە پارێزگای کرماشان لە بەرزاییەکانی شاری دالاهۆ هێلیکۆپتەرێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە پێنچ سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە، کە فەرماندەی هێزەکانی ناوخۆی کرماشانیش یەکێکە لە سەرنشینەکانی نێو هێلێکۆپتەرەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێلیکۆپتەرەی کە "مەهدی حاجیان"، فەرماندەی هێزەکانی ناوخۆی پارێزگای کرماشانی هەڵگرتبوو، لە بەرزاییەکانی شاری دالاهۆ کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە  دوو کەسیان بریندار بوون، بەڵام هەموو سەرنشینەکان رزگاریان بوو.

یاریدەدەری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان، روونیشی کردەوە، کە ئەم هێلیکۆپتەرە لە سنووری خەسرەوییەوە بەرەو کرماشان دەڕۆیشت، دوابەدوای رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی ئۆپراسیۆنی مانگی سووری ئەو پارێزگایە چوونە شوێنی رووداوەکە و بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.