مامۆستای مقاماتی عێراقی کۆچی دوایی کرد

یاس خزر
یاس خزر

K24 - هەولێر

دوای ماوەیەکی زۆر مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن، هونەرمەندی دیار و مامۆستای مقاماتی عێراقی "یاس خزر" لە نەخۆشخانەیەکی نزیک لە شاری بەغدا لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

یاس خزر عەلی قزوينی، لە ساڵی (1938) لە شاری نەجەف لەدایكبووە، تەمەنی بچووک بووە کاتێک باوكی كۆچی دوایی كردووە، لە تەمەنی هەرزەكاریدا كاری (بلیت بڕ)ـی كردووە لە نەخۆشخانەی (أبو صخير) لە نەجەف.

لە ساڵی 1961ـەوە دەستی بەكاری هونەری كردووە و نازناوەكانی (صوت الأرض) و (مطرب الهدل)ـی پێدراوە، چەند جارێك ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و ناوی منداڵەكانی زۆر ناسراو نین، بەڵام كوڕێكی هەیە بەناوی (ضامن) و بەردەوام لەگەڵ باوكیەتی.

یاس خزر، یەكەم كاری هونەری بە یارمەتی ئاوازدانەر (محمد جواد أموري) تۆماركردنی گۆرانی (الهدل) بووە و ئەو كاتە لە كەناڵی (القوات المسلحة) پەخشكراوە و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، هەر بۆیە نازناوی (مطرب الهدل)ـی پێدراوە.

یاس خزر، بۆ كاری هونەری و گۆرانی گوتن سەردانی وڵاتانی خەلیج، ئوسترالیا، لەندەن و ئەمەریكای كردووە و كۆتا ئەلبومی لە ساڵی (2010) بڵاوكردووەتەوە بەناوی (لیل الوداع). خاوەنی چەندین خەڵاتی رێز لێنانە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێڕاق.

 ‌دواى ئەوەی بەهۆی نەخۆشی دڵیەوە لە بەشی بوژانەوەی دڵ لە مەركەزی پزیشكی (إبن البيطار)ـی شاری بەغدا خرایە ژێر چاودێری پزیشکی، شەوی رابردوو 1/9/2023 كۆچی دوایی كرد.