هێشتا 10 هەزار هاووڵاتی تەلەعفەر ئاوارە و پەنابەرن

دیمەنێکی قەزای تەلەعفەر لە سنووری پارێزێگای نەینەوا - فۆتۆ: رۆیتەرز -ئەرشیف
دیمەنێکی قەزای تەلەعفەر لە سنووری پارێزێگای نەینەوا - فۆتۆ: رۆیتەرز -ئەرشیف

K24 – هەولێر

قایمقامی قەزای تەلەعفەر ئاشکرای کرد، لە دوای شەڕی داعشەوە تائێستا 10 هەزار هاووڵاتی تەلەعفەر ئاوارە و پەنابەرن، نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

نەشئەت سادق قایمقامی قەزای تەلەعفەر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "قەزای تەلەعفەر یەکێک لەو ناوچانەیە کە بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، تەنانەت لە ساڵی 2017دا، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەک ناوچەکەیەکی کارەساتبار ناسێندراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی کە دوایین شەڕ و پێکدادانەکانی دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە قەزای تەلەعفەر روویدا".

ئاماژەی بەوەیشدا، بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، سەرجەم دانیشتووانی قەزای تەلەعفەر ئاوارەبوون و گوتی: "ھێشتا، 10 ھەزار کەس لە قەزای تەلەعفەر ئاوارەن و بەشێکیان روویان لە تورکیا کردووە و بەشێکی دیکەیشیان روویان لە ھەرێمی کوردستان و شاری مووسڵ کردووە".

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2017، زیانی زۆری بەر باڵەخانە، خانوو، ژێرخان، مزگەوت، کڵێسا، رێگاکان، شوێنەوارە مێژووییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ کەوت، قەزای تەلەعفەر یەکێکە لەو ناوچانەی کە زیانی زۆری بەرکەوتووە، لە ماوەکانی رابردوودا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامارێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە تیرۆریستانی داعش لەمیانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەری راستی مووسڵ، زیان بەر 12 ھەزار خانوو لە ناوچەی مووسڵی کۆن کەوتووە.