لە عێراق 16 زیاره‌تكار له رووداوێكی هاتووچۆدا گیانیان له‌ده‌ستدا
K24 - هەولێر
له رووداوێكی هاتووچۆدا له پارێزگای سه‌ڵاحەد‌دین 16 زیاره‌تكار گیانیان له‌ده‌ستدا و ژمارەیەکی زیارەتکاری دیکەش بە سەختی برینداربوون.
خالید بورهان، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی پارێزگای سه‌ڵاحەد‌دین بە میدیاکانی عێراقی راگه‌یاند، به‌هۆی رووداوێكی هاتووچۆوه كه له نێوان دوجه‌یل و سامه‌ڕا روویداوە، 16 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 13ی دیكه‌ش بریندارن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی پارێزگای سه‌ڵاحەد‌دین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، زۆرینەی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه، زیاره‌تكاری ئێرانن و بۆ چله‌ی ئیمام حوسێن هاتبوونه عێراق.
بە گوتەی خالید بورهان، برینی بەشێک لە زیارەتکاران سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سەڵاحەددین و بەغدا کراون.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2023، سالار ته‌حسین، به‌ڕێوه‌به‌ری نیشینگه و پاسپۆڕتی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، له 18ـی مانگه‌وه تا ئێستا نزیكه‌ی 60 هه‌زار کەس كه زۆربه‌یان زیاره‌تكاری شیعه مەزهەبی ئێرانی بوون، له ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە چوونەتە شارەکانی باشووری عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
بە گوێرەی رێککەوتنێنکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران؛ ئامادەکاری بۆ هاتنی 500 هەزار زیارەتکار کراوە. گوتیشی، پڕۆسەی گەڕانەوەی زیارەتکارانیش دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار زیارەتکار گەڕاونەتەوە.
وەکو ئەوەی به‌ڕێوه‌به‌ری نیشینگه و پاسپۆڕتی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران ئاماژەی پێ دا، جیاواز لە ساڵی رابردوو، زیارەتکاری وڵاتی دیکەش لە رێگەی دەروازەکەوە هاتوون بەتایبەت لە وڵاتانی جۆرجیا، ئازەربایجان، رووسیا و تورکیا کە ژمارەیان دەگاتە هەزار و 500 کەس.