وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق: پرۆژەی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و ئێران بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی عێراقە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق لەبارەی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنین لەنێوان عێراق و ئێران رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە کە بانگەشەی بۆ کرا راست نییە و گەورەترین تاوانی ئابوورییە.

عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتار و وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق، لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: "بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر لەگەڵ ئێران  تەنها سنووردار نییە بە گواستنەوەی گەشتیاران، بانگەشەکە درۆیە، گونجاوتر بوو کە تایبەتمەندییەکانی هێڵی شەمەندەفەرەکە بە باری 15 تۆن دیاری بکرێت و بە پێچەوانەوە ئەوە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەراستیدا ئەوە گەورەترین تاوانی ئابوورییە، هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و لیژنەکانی عێراق و ئێرانی واژۆییان لەسەر پڕۆژەکە کردووە کە بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی عێراقە، هیچ تایبەتمەندییەک لەوەدا نییە، ئەوە خەڵک فریودانە، دیاریکردنی کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیان سەرقاڵی زیارەتی ئیمام حوسێنن".

دوێنێ هەینی، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو "دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوە و پارێزگاری بەسرە تەواوبوونی ئەو رێکارانەیان دووپاتکردەوە، کە لە بڕیارنامەی (23333)ی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی بەسرە – شەلامچە، کە رۆژی شەممە بەردی بناغەی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە دادەنرێت، بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و زیارەتکاران لە نێوان عێراق و ئێران، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی گواستنەوە لە ناوچەکەدا، هەروەها پڕۆژەکە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و زیارەتکارانی لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە بەرەو عێراق زۆر گرنگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم پڕۆژەیە پێشەکییەکە بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی گواستنەوە کە عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، حکومەت کاردەکات بۆ جێبەجێکردنیان دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە چوارچێوەی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەدا ماوەتەوە بەبێ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، "سەرۆکی حکومەتی عێراق بە ئامادەبوونی محەممەد موخبەر، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، بەردی بناغەی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری بەندەری شەلەمچە لە بەسرە دانا، بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و زیارتەکاران بۆ مەزارگە پیرۆزەکان، لە نێوان عێراق و ئێران".

محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری شەلەمچە - بەسرەی بە پلانێکی ستراتیژی بۆ ئێران و عێراق وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم پڕۆژەیە هێڵی شەمەندەفەری نێوان دوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە و تەواوکەری ڕێگاکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەبێت.