رێژەی خۆكوشتنی منداڵان لە رۆژھەڵاتی كوردستان زیادیکردووە

رێژەی خۆكوشتنی منداڵان لە رۆژھەڵاتی كوردستان زیادیکردووە
رێژەی خۆكوشتنی منداڵان لە رۆژھەڵاتی كوردستان زیادیکردووە

K24 - هەولێر

لە ماوەی كەمتر لە بیست رۆژی رابردوودا لانیكەم 13 حاڵەتی خۆكوشتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە رۆژھەڵاتی كوردستان تۆماركراون.

رۆژی ھەینی، 1ـی ئەیلوولی 2023، ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، رێژەی خۆكوشتنی منداڵان و مێرمنداڵان بەھۆی ھەژاری لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەری ھەنگاو؛ لە ماوەی كەمتر لە بیست رۆژی رابردوودا، 13 حاڵەتی خۆكوشتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە رۆژھەڵاتی كوردستان تۆماركراون.

تێكڕای تەمەنی ئەو منداڵانەی خۆیان كوشتووە 15 ساڵ بووە و حاڵەتەكانیش لەشارەكانی داڵاھۆ، كامێران، شنۆ، سەردەشت، دیواندەرە، ورمێ، روانسەر، بۆكان و سەڵاسی باوەجان تۆمار کراون.

بەرپرسانی تەندروستیی ئێران لە راپۆرتە ساڵانەکانیاندا لەبارەی ئەو بابەتەوە نەبوونی کار، هەژاریی لەڕادەبەدەری خێزانەکان و بێهیوایی بە داهاتوو لەنێو گەنجاندا بە هەندێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی خۆکوشتن دەزانن.

جیاوازیکردن لەنێوان کوڕان و کچان لەنێو خێزانەکاندا، بەتایبەت لە بواری بڕیاردان لەسەر داهاتوویان و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتنە.

لە لایەکی دیکەوە ئینتەرنێت بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی کاریگەرییان لەسەر گەنجان داناوە بە جۆرێک فێری چاولێگەریی کردوون.

لە 40 ساڵی رابردوودا هەژاری، پێشنەکەوتن و بێئومێدی لەنێو گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا روو لە زیادبوون بووە، ئەوەش وایکردووە ویستی ژیان لەنێو ژمارەیەکی زۆری گەنجاندا بکوژرێت.