نرخی نەوتی بۆ بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردووی بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

دوای دوو هەفتە داکەوتن لەسەر یەک، نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بۆ بەرزترین ئاستەکانی حەوت مانگی رابردووی بەرزبووەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 1.9 بۆ 88.49 دۆلار بەرزبووەوە، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 1.7 بۆ 85.02 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

پێشىینی دەکرێت، سعوودیە لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بێت و رۆژانە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ملیۆنێک بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکە بەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بن.

هاوکات ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان دووەم گەورەترین دابینکەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا، لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسیش لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ مانگی داهاتوو رێککەوتوون.