قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ كه‌ركووك راگه‌یه‌ندرا

K24 – هەولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك، به‌هۆی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی كورد له‌و شاره‌، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ راگه‌یه‌ندرا و ته‌واوی رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیش داخران.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکی خۆرسکانەیان ئەنجامدا دژ بە رەفتار و دژایەتییەکانی ئەو گرووپانەی چەند رۆژێکە رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخستووە و خۆپیشاندەران رایانگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانیان دەکرێت و بەهۆی داخستنی ئەو رێگەیەوەشەوە کار و کەسابەتیان وەستاوە.

هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکە بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان ئەمڕۆ وەک کورد خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگری و دژایەتییانەی بەشێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و هەندێک لەلایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکانی شارەکە لە دژی کوردی دانیشتووی کورد ئەنجامی دەدەن.

خۆپیشاندەرانی کەرکووک دووپاتیانکردەوە، مەبەستی ئەوانەی ئێستا لەبەردەم باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کۆبوونەتەوە و دروشم دژی کورد دەڵێنەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دادەگرن، ئامانجیان داگیرکردن و دەرکردنی هەموو کوردە هاوشێوەی ئەوەی رژێمی پێشوو لە شارەکە ئەنجامیدا، بەڵام لەژێر بیانووی ئەوەی دژایەتی گەڕانەوەی پارتی دەکەن لە کاتێکدا تەنیا پارتییە بەرگری لە کوردەکانی شارەکە دەکات.

لەمیانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکەی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک، هێزێکی ئەمنی کە پێکهاتبوون لە پۆلیسی فریاکەوتن و هەندێکی هێزی ئەمنی دیکە گەیشتە شوێنی خۆپشاندانەکە، بەڵام لەژێر فشاری هاووڵاتییانی کورد ناچارکران شوێنەکە جێبهێڵن و لە نزیک خۆپیشاندەران دووربکەونەوە.

خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکووک دروشمی "بژی کورد و کوردستان، کەرکووک کوردستانییە، کورد زیندووە"یان دەگوتەوە و بۆ کوردستان24 باسیان لەوەکرد، ئەوەی ئێستا لە کەرکووک روودەدات هەوڵێکی دیکەیە بۆ داگیرکردن و دەرکردنی کورد لە شارەکە.

هاوکات خۆپیشاندەرانی کورد داوایان لە پێشمەرگە و هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کرد پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکووک بکەن و لە دۆخی ئێستای کەرکووک بە تەنیا جێیان نە‌هێڵن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن و فشار لەسەر حکومەتی عێراق و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بکەن، رێگری و دژایەتییەکانیان بۆ کورد و بەرژەوەندییەکانی دانیشتووانی کورد لە شارەکە بوەستێنن.

لەبارەی ئەو گرووپانەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخستووە، هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوانەی خێوەتیان هەڵداوە و رێگەی سەرەکیان داخستووە، دانیشووی کەرکووک و خەڵکی رەسەنی شارەکە نین و تەنیا دژایەتی بوون و بەرژەوەندییەکانی کورد لە کەرکووک دەکەن.

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە گەڕەکی رەحیماوەوە بەرەو گەڕەکی شۆرا چوون کە مانگرتووانی حەشدی شەعبی خێوەتیان هەڵداوە بۆ داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقە بە ئاراستەی خۆپیشاندەران کرا بۆ بڵاوەپێکردنیان و لە ئەنجامدا بریندار لە ریزەکانی خۆپیشاندەرانی کورد لە کەرکووک هەیە.

بەشێک لە خۆپیشاندەران بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کۆتاییپێهێنانی مانگرتنی ئەو گرووپە دەکەن کە بووەتە هۆی راگرتنی هاتووچۆ و کارکردنی هاووڵاتییان.

بەگوێرەی ئەو دیمەنەی لە خۆپیشاندانەکەوە راستەوخۆ لە کوردستان24ـەوە دەگواسترێتەوە، ئاگرێکی گەورە  لە شوێنی رووداوەکە بەرزبووەتەوە و چەند ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکش سووتێنداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبارەی زیانەکان هیچ زانیارییەک ئاشکرانەکراوە.