ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک راگەیەندرا

K24 – کەرکووک:

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، شەهیدێک و پێنج بریندار لە ریزی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هەیە.

عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک کە داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان دەکرد، شەهیدێک و پێنج بریندار هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دژی داخستنی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بەرەو شوێنی مانگرتووانی حەشدی شەعبی چوون بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستانی کار و کەسابەتی هاووڵاتییانی ناوچەکە پێکهاتووە لە گەڕەکەکانی رەحیماوە و شۆراو و چەند گەڕەکێکی دیکەی کوردنشین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا.

دوای ئەوەش بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری کەرکووک راگەیەندرا و لە راگەیەندراوێکدا وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەسەڵاتی بە هێزە ئەمنییەکان داوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن، کە ئەمەش خۆپیشاندەرانی کەرکووکی زیاتر توڕە کردووە بە لایەنگری بۆ لایەنەکانی دژ بە کورد لە کەرکووکی وەسفدەکەن.