کاوە غەریب: ئەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپیشادەران کردووە لیکۆڵێنەوەیان لەگەڵ دەکرێت

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، رایدەگەیەنێت، بەڵێنیان پێدراوە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە، هاوکات دەڵێت: لێکۆڵێنەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەکان و قیادەی عێراق بۆ هێورکردنەوەی دۆخی کەرکووک لە گفتوگۆدان، بەڵێنیان پێدراوە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە و رێگەی کەرکووک – هەولێر دەکرێتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، دەشڵێت: داواکارییەکانی کوردانی کەرکووک بەرز دەکەینەوە بۆ سەروو خۆمان بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان.

دوای ئەوەی رۆژی (28ـی ئابی 2023)، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، هەروەها هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستوو ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵدا و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكرد، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.