محەممەد ئیحسان: تێکدانی دۆخی کەرکووک پلان بۆ داڕێژراو بوو

محەممەد ئیحسان، شرۆڤەکاری سیاسی
محەممەد ئیحسان، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، پارتی خاوەنی کەرکووکە و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد دەکات بۆیە بە ئامانج گیراوە، محەممەد ئیحسان ئاماژەی بەوەشدا، تێکدانی بارودۆخی کەرکووک پلان بۆ داڕێژراو بوو.

محەممەد ئیحسان، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم کێشەی لە کەرکووک روودەدات کێشەیکی کۆنە لە کێشەکانی پێشووی خۆی سەرچاوەی گرتووە، وەک جێبەجێنەکردنی ماددەی 140، کارەساتی 16ـی ئۆکتۆبەر و کۆمەڵێک پرسی دیکە کە دەرهەق بە کورد کراوە لەو ناوچەیە، بۆیە ساڵانە ئەو بارودۆخە لە کەرکووک دووبارە دەبێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بۆیە پارتی لە کەرکووک کراوەتە ئامانج چونکە پارتی خاوەنی کەرکووکە و بەرگری لە مافە رەواکانی گەلی کورد دەکات لەو شارە، هەروەها ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم زوڵمە لە خەڵکی کەرکووک دەکرێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەشڵێت: خەڵکێک هەنە لەگەڵ حەشدی شەعبی دەیانەوێت ئەوەی لە 16ـی ئۆکتۆبەر تەواو نەکراوە ئەوان تەواوی بکەن.

محەممەد ئیحسان، ئاشکرایکرد، تێکدانی بارودۆخی کەرکووک پلان بۆ داڕێژراو بوو.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتی: خەڵکێک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کاردەکات، بەڵام دژی حکومەتەکەی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ئەو حکومەتە شکست بهێنیت و تێکبچێت.

گوتیشی: دەبێت سوودانی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو بارودۆخە هێور بکاتەوە، ئەو بارودۆخە ئەگەر هێور نەکرێتەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی کەرکووک و گشت عێراق.

روونیکردەوە، حکومەتی سوودانی هەوڵی جددی داوە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام دەسەڵاتی نییە بەسەر گرووپە چەکدارەکان بۆیە تا ئیستا سەرکەوتوو نەبووە.

محەممەد ئیحسان، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنە گێرەشێوێنانە مەبەستیان تەنیا تێکدانی کەرکووک نییە بەڵکو مەبەستیانە بارودۆخی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش تێکبدەن.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکی خۆرسکانەیان ئەنجامدا دژ بە رەفتار و دژایەتییەکانی ئەو گرووپانەی چەند رۆژێکە رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخستووە و خۆپیشاندەران رایانگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانیان دەکرێت و بەهۆی داخستنی ئەو رێگەیەوەشەوە کار و کەسابەتیان وەستاوە.

هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکە بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان ئەمڕۆ وەک کورد خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگری و دژایەتییانەی بەشێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و هەندێک لەلایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکانی شارەکە لە دژی کوردی دانیشتووی کورد ئەنجامی دەدەن.

خۆپیشاندەرانی کەرکووک دووپاتیانکردەوە، مەبەستی ئەوانەی ئێستا لەبەردەم باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کۆبوونەتەوە و دروشم دژی کورد دەڵێنەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دادەگرن، ئامانجیان داگیرکردن و دەرکردنی هەموو کوردە هاوشێوەی ئەوەی رژێمی پێشوو لە شارەکە ئەنجامیدا، بەڵام لەژێر بیانووی ئەوەی دژایەتی گەڕانەوەی پارتی دەکەن لە کاتێکدا تەنیا پارتییە بەرگری لە کوردەکانی شارەکە دەکات.