کەسوکاری چوارەم شەهیدی کەرکووک: بەس لەبەرئەوەی ئاڵای کوردستانی پێبووە تەقەیان لێکردووە

کەسوکاری چوارەم شەهیدی خۆپیشاندانی دوێنێی کەرکووک
کەسوکاری چوارەم شەهیدی خۆپیشاندانی دوێنێی کەرکووک

K24 - کەرکووک:

ژمارەی شەهیدەکانی خۆپیشاندانی دوێنێی کەرکووک بۆ چوار شەهید بەرز بووە و کەسوکارەکەشی دەڵێن، بەس لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی پێبووە تەقەیان لێکردووە و شەهیدیان کردووە.

شەوی رابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی حوسێن سابیر تەمەن 49 ساڵ کە پیشەی کاسب بووە، لە شەقامی بازنەیی کەرکووک شەهید کرا.

برایەکی حوسێن سابیر حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکات بەوەی براکەیان شەهید کردووە و بە کوردستان24ـی راگەیاند: "براکەمان کاسب بووە و کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە، بەس لەبەرئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتووە، چەکدارانی حەشدی شەعبی گوللـەیان پێوە ناوە و شەهیدیان کردووە.

لەسەر شەهیدبوونی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کوردستان24 پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووکەوە کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی کەرکووک و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان رێگای کەرکووک – هەولێریان داخستووە و ئەستەنگی زۆریان بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروست کردووە.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بۆ کردنەوەی رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر، ئاڵۆزی کەوتەوە و لە کۆتاییدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەژێر فشاردا شوێنەکانیان چۆڵکرد.

لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک، چوار شەهید و 14 بریندار هەن و بە دەیان گەنجی کوردیش لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لە رەشبگیری هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون.