فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت

هەنجیری ئاکرێ
هەنجیری ئاکرێ

K24 - هەولێر

لە ژێر چاودێری راستەوخۆی پارێزگاری دهۆک، ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.

ئاراس حامید، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 04:00 لە شەقامی رەزا، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت".

فێستیڤاڵەکە وەکو ئەوەی ئاراس حامید ئاماژەی پێ کرد، بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێیە و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک و قائیمقامییەتی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت.

بە گوتەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ، لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانی وەک هەنجیر، برنج، سماق،  تەحین و بەرهەمەکانی سپییاتی ئاکرێ پیشاندەدرێت. دەشڵێت، "ئەمە ڕێگەیەکە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی شارەکەمان".

دەڤەری ئاکرێ لە رووی کشتوکاڵییەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە. ئێستا زۆرینەی بەرهەمەکانی سەوزە و میوەی ناوچەکە پێگەیشتوون. لە سەرلەبەیانی زووەوە جووتیارانی ناوچەکە بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە و روو لە عەلوەکان دەکەن و بەرهەمەکانیان ساخ دەکەن.