بایدن: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هۆکاری روودانی زریانەکانن

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: STEFANI REYNOLDS / AFP)
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: STEFANI REYNOLDS / AFP)

K24 - هەولێر

دوو زریانی بەهێز ئەمەریکا و چینی گرتەوە، زیانی ملیاران دۆلاری لەو دوو وڵاتە داوە و سەدان هەزار کەسی بێ کارەبا کردووە. سەرۆکی ئەمەریکا ناوچە زیانەمەندەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە و هۆکاری زریانەکانی بۆ گۆڕانەکانی کەشوهەوا گەڕاندەوە.

لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوایی گۆیی زەویی، زریانەکان وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیان گیرۆدەکردووە. لە چین زریانی هایکوی و لە ئەمەریکاش ئیدالیا، هەزاران کەسییان بێ ماڵ و حاڵ کردووە و زیانی ملیاران دۆلاریان لەو وڵاتانە داوە.

لە چوارشەممەی رابردووەوە، زریانی بەهێزی ئیدالیا رووی لە چەند ویلایەتێکی رۆژهەڵاتی ئەمەریکا کردووە لەناویشیاندا فلۆریدا و جۆرجیا، کە بەپێی گوتەی بەرپرسان خراپترین زریان بووە لەچەند ساڵی رابردوودا.

 تا ئێستا بەهۆی ئیدالیاوە زیاتر لە سێ هەزار خێزان لە فلۆریدا و جۆرجیا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچە ئارامەکان رۆشتوون. زیاتر لە  100 هەزار ماڵ و شوێنی بازرگانیش کارەبایان بڕاوە.

قورسی زریانی ئیدالیا بەجۆرێکە، خێرای با گەیشتووەتە 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەزگای دۆخی بەپەلەی فیدراڵیش ئامادەباشیی پلە سێی لە فلۆریدا و جۆرجیا چالاککردووە. زریانەکە بەرەو ویلایەتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەمەریکا لەجوڵەدایە. قەبارەکەی زریانی ئیدالیا بە 12 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ناوچە زیانمەندەکانی ویلایەتی فلۆریدای بەسەرکردەوە و لە لێدوانێکیشدا رایگەیاند، "هۆکاری ئەم زریانە وێرانەکەرانە گۆڕانەکانی کەشوهەوان و پێویستە مرۆڤایەتی هۆشیارببێتەوە". داواشی لە کۆنگرێس کرد پارەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخانبکات.

لەمسەری زەویش، ماوەی چەند رۆژێکە زریانی هایکوی ناوچە جیاکانی چینی گرتووەتەوە. دوای هۆنگ کۆنگ، هایکوی بەئاڕاستەی تایوان لەجوڵەدایە، وەزارەتی ناوخۆی تایوانیش وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەرووبوونەوەی زریانەکە سێ هەزار کەسیان لە هەرێمی هوالینی رۆژهەڵاتی تایوان گواستووەتەوە. خێرایی با لە تایوان گەیشتووەتە 180 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، ئەوەش وایکردووە هەزاران دار بشکێنەوە و سەدان خانووش زیانیان بەربکەوێت.

زانایانیش هۆکاری سەرەکی زریانەکانی جیهان بۆ گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەگێڕنەوە و هۆشداری لە خراپبوونی دۆخەکەش دەدەن.