دژە تیرۆری عێراق زیاتر لە 40 گەنجی کوردی لە کەرکووک دەستگیرکرد

ئۆتۆمبێلی دژە تیرۆری عێراق لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک
ئۆتۆمبێلی دژە تیرۆری عێراق لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک

K24  - هەولێر:

دوای ئەوەی دوێنێ لە کەرکووک بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی کورد کرا، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق زیاتر لە 40 گەنجی کوردیان لەو شارە دەستگیرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری كوردستان24، زیاتر لە 40 گەنجی کورد لە کەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکراون.

باوكی یەكێك لە دەستگیركراوەكان بە کوردستان24ـی راگەیاند، كوڕەكەی یەكێكە لەو گەنجە كوردانەی دەستگیركراوە و و گوایە بەپێی ماددەی تیرۆر دراونەتە دادگە، دەشڵێت، نازانن ئەوانەی دەستگیركراون لە كوێن و تاوەكو ئێستاش ھیچ لایەنێك پەیوەندییان پێوە نەكردووە.

باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێك خەڵک بە هاوکاری هێزی ئەمنی رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و کاتێکیش خەڵکی مەدەنی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد بۆ کردنەوەی رێگاکە، بە زەبری هێز وەڵامیان درایەوە. 

دوای رووداوەکانی شەوی رابردووی کەرکووک، هێزێکی زۆری ئەمنی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بڵاوەی پێ کراوە، ئاستەنگیی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە و هەروەها هەڵمەتێکی پشکنین و دەستگیرکردنی ئەو گەنجە کوردانەی دەستپێکردووە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.