گرینوود له‌سه‌ر حیسابی مانچێسته‌ر یونایتد ژیانێكی شاهانه‌ له‌ مه‌درید به‌سه‌رده‌بات

مه‌یسن گرینوود هێرشبه‌ری لاوی یانه‌ی خیتافی ئیسپانی
مه‌یسن گرینوود هێرشبه‌ری لاوی یانه‌ی خیتافی ئیسپانی

مەیسن گرینوود سەرەڕای جیهێشتنی ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد و پەیوندی کردنی بە ریزەکانی یانەی خیتافی ئیسپانی، بەڵام لەسەر حیسابی مان یونایتد بە شێوەیەکی شاهانە ژیانی لە ئیسپانیا بەسەر دەبات و زۆربەی خەرجیەکانیشی لەسەر ئەستۆی شەیتانە سوورەکانە.

یاریزانە لاوەکەی مان یونایتد له‌ سەرەتای ساڵی 2022 بە تۆمەتی ئازاردانی هاوڕێ کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرا، لەو کاتەوە لە یانەکەی دوور خرایەوە، ئەو یاریزانە هەرچەندە لە لێکۆلینەوەکاندا بێـتاوان دەرچوو، بەڵام یانەکەی لەژێر زەختی هاندەران رێگەی گەڕانەوەیان پێنەدا و ئەو یاریزانەش بە ناچاری بە شێوەی خواستن ئەم وەرزە پەیوەندی بە یانەی خیتافی کرد.

گرینوود زۆربەی خەرجیەکانی ژیانی رۆژانەی لەسەر ئەستۆی مانچێستەر یونایتده‌، لەبەر ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە هەیە و گرێبەستەکەی لەگەڵ خیتافی کاتیە، شەیتانە سوورەکان ڤیلایەکیان بۆ یاریزانەکەیان لە شاری مەدرید بە کرێی مانگانەی هەشت هەزار پاوەند گرتووە.

ئەو ڤێلایەی گرینوود تێدا نێشتەجێ بووە پێک دێت لە شەش ژووری نوستن و چەندان تایبەتمەندی جۆراوجۆر، هەروەها ئەو یاریزانە لەلایەن یانەکەی پێشووی واتە مانچێستەر یونایتد وەرگێرێکیان بۆ گرتووە کە 24 کاتژمێر لەگەڵیدا دەبێت.

گرینوود بڕیاریداوە هەفتانە میوانداریی ماڵباتەکەی و هەروەها هاوڕێ نزیکەکانی بکات، بۆیە داوای ڤێلایەکی گەورە و شەش ژووری کردووە، لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی سەنی بەڕیتانیش بڵاویکردووەتەوە، رەنگە باوکی ئەو یاریزانە بە بەردەوامی لە شاری مەدرید لەگەڵ کوڕەکەی بمێنێتەوە.

مەیسن گرینوود پێشتر لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد هەفتانە 75 هەزار پاوەند مووچەی وەردەگرت، لەگەڵ چوونیشی بۆ ریزەکانی یانەی خیتافی ئیسپانی، یانە ئینگلیزیەکە دەبێت نیوەی ئەو مووچەیەشی پێ بدات کە پێشتر لە یانەکەیان پێدراوە.

مه‌یسن گرینوود هێرشبه‌ری یانه‌ی خیتافی
مه‌یسن گرینوود هێرشبه‌ری یانه‌ی خیتافی