قائیمقامی هەولێر: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر تاکە شارە ببێتە دەستەخوشکی ناشڤیڵ

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر

K24 - هەولێر

قائیمقامی هەولێر رایدەگەیەنێت، سبەی دووشەممە شاندێکی پارێزگای هەولێر بۆ بەشداریکردن لە رێوەڕەسمی واژووکردنی گرێبەستی دەستەخوشکبوونی هەردوو شاری ناشڤیڵی ئەمەریکا و هەولێر سەردانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت، "دەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە لە هەموو روویەکەوە گرنگیی خۆی هەیە".

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 14:00ـی کوردستان24 لەبارەی سەردانی شاندێکی پارێزگای هەولێر بۆ شاری ناشڤیڵی ئەمەریکا، رایگەیاند: " 9ـی ئەم مانگە، لە رێوڕەسمێکی گەورەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و چەندین لایەنی دیکە کە خاوەن بڕیارن لە ئەمەریکا، گرێبەستەی دەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤیڵ واژوو دەکرێت".

شاندەکەی پارێزگای هەولێر، وەکو ئەوەی نەبەز عەبدولحەمید باسی کرد، سبەی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، بەرەو ئەمەریکا بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە رێوەڕەسمی واژووکردنی گرێبەستی دەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە و  "چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات".

بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، "شاری ناشڤیڵ لەگەڵ نۆ شاری دیکەی جیهان دەستەخوشکایەتی هەیە، بەڵام هیچ یەکێک لەو شارانە لە باکووری ئەفریقیا یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. هەولێر دەبێتە یەکەمین شار لە شارانە لە باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ببێتە دەستەخۆشکی ناشڤیڵ".

قائیمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیڵ لە هەموو روویەکەوە گرنگیی خۆی هەیە، بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە؛ شاری ناشڤیڵ پایتەختی ویلایەتی تێنیسییە لە ئەمەریکا. لە زۆر بوارەوە لەسەر ئاستی جیهان زۆر پێشکەوتووە".

قائیمقامی هەولێر گوتیشی: "ئەو شاندەی ساڵی رابردوو سەردانی شاری هەولێریان کرد؛ زۆرینەی نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ و شوێنە گشتی و تایبەتەکانی شارەکەیان بەسەرکردەوە. دوای گەڕانەوەیان، مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی شارەوانی شارەکە کۆبووەوە و ڕەزامەندییان دەربڕی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیڵ ببنە دەستەخوشک".

لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی واژوو دەکرێت، وەکو ئەوەی نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی پێ کرد، "چەندین کورسی خوێندن لە زانکۆکانی ناشڤیڵ بۆ هاووڵاتییانی کورد دەرەخسێندرێت، پزیشکانی کورد لەو شارە بەشداری لە خولە زانستییەکاندا دەکەن، پزیشکانی ئەوان دێنە هەرێمی کوردستان و خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن و لەڕووی گەشتیاریشەوە، کاریگەری دەبێت لەسەر پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێم".

بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، شاری هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی بۆ ئەمەریکا هەیە و دەڵێت، "سێ ساڵە ئێمە خەریکی ئەم بابەتەین؛ بە شەو و رۆژێک نەهاتووەتەوە ئاراوە و خوێندنەوەی بۆ کراوە و لە هەموو ئاستێکدا شاند لە شاری ناشڤیڵەوە سەردانی هەولێریان کردووە و بە چاوی خۆیان هەموو شوێنێکی شاری هەولێریان بینیوە، ئینجا بڕیارەکەیان داوە".