كریستیانۆ بهبێ ڕكابهر له یهكهمین خهڵاتی كیشوهری ئاسیا نزیكه
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولی رۆشنی سعوودی، ئەو گۆڵکارە پۆرتوگالیە ئێستا کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەی ئێف سی دەکات تایبهته به باشترین یاریزانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا.
خەڵاتی مانگانەی ئەی ئێف سی خەڵاتێکی نوێیە و مانگە پێشکەشی باشترین یاریزانەکانی خولەکانی رۆژئاوای ئاسیا دهكرێت، بۆ ئەمجارەشیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوی لە لیستەکەدا هەیە و گۆڵکارەکەی ئەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودی کێبڕکێی لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکە دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانگی رابردوو سەرکردایەتی بردنەوەی یانەکەی لە جامی شا سەلمان کرد و توانی لەگەڵ یانەکەی ئەو ناسناوە بەدەست بێنێت، دۆن لەو پاڵەوانتیە توانی بە تۆمار کردنی شەش گۆڵ خەڵاتی گۆڵکاری پاڵەوانتیەکە بەدەست بێنێت.
هەرچەندە رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکەی دەستپێکێکی باشی لە خولی رۆشنی سعوودی نەبوو، لە دوو یاریی سەرەتای خولەکە تووشی دۆڕان بوون، بەڵام سێ یاریی رابردوو لەسەر یەک سەرکردایەتی بردنەوەی یانەکەی کردووە و یەکێکە لە چەکە کاریگەرەکانی یانەکەی.
کریستیانۆ لە دوایین سێ یاریی رابردووی لە خولی رۆشنی سعوودی بەشداری 10 گۆڵی کردووە، واتە خاوەنی شەش گۆڵ و چوار ئاسیستە و پێشەنگی گۆڵکاران و ئاسیستکارەکانی خولی رۆشنی سعوودی گرتووە، هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە بهربژێری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئاسیا.
رۆناڵدۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، رکابەری لەگەڵ عهبدولرهزاق حەمدوڵڵا هێرشبەری ئیتیحاد و رۆبێرتۆ فێرمینیۆ هێرشبەری ئەهلی و یوسف نیاکاتی هێرشبەری یانەی بەنی یاسی ئیماڕاتی و یاسین ئیبراهیمی هێرشبەری غەرافەی قەتەری و چەند یاریزانێکی دیکە لە خولەکانی لوبنان و فەلەستین و ئوردن دەکات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو راپرسیەی کە ماڵپەری فێدراسیۆنی ئاسیا بۆ دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکەی داناوە، تاوەکو ئەم ساتە نزیکەی 26 هەزار دەنگ لە نزیکترین رکابەری کە عەبدولرەزاق حەمدوڵڵایە دوورە و خولەک بە خولەکیش جیاوازیەکە گۆڕانکاری بەسەر دێت.