کۆمیسیۆنی عێراق میکانیزمی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئاشکراکرد

پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پشت بە هەردوو سیستەمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستن. دەشڵێت: "تا وەکو ئێستا 214 هەزار و 149 کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هەردوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستین، واتا هەمان ئەو میکانیزمانە پەیڕەودەکەین کە بۆ هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق (هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021) پەیرەومان کرد".

بە گوتەی داود سەلمان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی ئامادەکردنی هۆڵەکانی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پشکنینی کۆگاکان دەستپێکردووە و "دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێن خشتەی کارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکەینەوە".

وەکو ئەوەی داود سەلمان ئاماژەی پێ دا، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگ بدەن.

رۆژی پێنجشەممە 13ـی تەممووزی 2023، پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. هەرچەندە بڕیاربوو پڕۆسەکە رۆژی شەممە 12ـی ئابی 2023 تەواو ببێت، بەڵام کۆمیسیۆنی عێراق ماوەکەی تاوەکو 12ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.

بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "تا وەکو ئێستا 214 هەزار و 149 کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 88 هەزار و 588 دەنگدەر؛ لە پارێزگای دهۆک 40 هەزار و 277 دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانیش 85 هەزار و 284 دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە".

لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە دایکبووی ساڵی 2005ـن و ناوی خۆیان لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە تۆمارکردووە، داود سەلمان ئەوەی خستەڕوو، تا وەکو کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، زیاتر لە 26 هەزار و 900 گەنج کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـن ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە.

داود سەلمان داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات سەردانی بنکەکانی دەنگدانی سەر بە کۆمیسیۆنی عێراق بکەن و تۆماری دەنگدانیان نوێبکەنەوە. دەشڵێت، "ئەگەر هاووڵاتییان داوا بکەن و بینیمان خەڵک زۆر سەردانی بنکەکان دەکات، دەتوانین ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان زیاتر درێژبکەینەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەمبارەوە نەدراوە".

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.