بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە: لەم مانگەدا تیروپشک بۆ حەجی 2024 دەکرێت

ژمارەیەک حاجی لە ساڵی 2022 (وێنە: AFP)
ژمارەیەک حاجی لە ساڵی 2022 (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم مانگەدا ناونووسین و تیروپشک بۆ وەرزی حەجی 2024 دەکرێت. دەشڵێت: "ناونووسین بە شێوەی دەستی دەکرێت و هەر کەسێک سەرووی 18 ساڵان بێت دەتوانێت خۆی ناونووس بکات".

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: "لە ماوەی ئەم مانگەدا (ئەیلوول)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی ناونووسین بۆ وەرزی نوێی حەجی 2024 رادەگەیەنین".

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش کرد،  "ماوەی دوو هەفتە دەدەینە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی سەردانی نووسینگەکانمان بکەن و خۆیان ناونووس بکەن. دوای تەواوبوونی پڕۆسەی ناونووسین، هەر لەم مانگەدا تیروپشک بۆ حەجی 2024 ئەنجام دەدەین".

بڕیاربوو ئەمساڵ ناونووسین بۆ وەرزی نوێی حەج بە شێوەی ئۆنڵاین بکرێت، بەڵام وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "ئەمساڵیش ناونووسین بە شێوەی دەستی دەبێت، چونکە مامەڵە و رێکارەکان تەواونەبوون؛ بەڵام دڵنیایین لەوەی ناونووسین بۆ حەجی 2025 بە ئۆنڵاین دەکرێت".

شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی روونیشیکردەوە، هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە دەتوانن خۆیان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو ناونووس بکەن، بەڵام لیژنەیەک بۆ هەڵسانگاندنی باری هۆشیاری و تەندروستیی ئەو کەسانە پێکدەهێنرێت، کە لە تیروپشکەکەدا ناویان بۆ حەج دەردەچێت. گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا هەندێک کەسمان لەگەڵدا بوون، بە تەمەن و نەخۆش بوون، نەیاندەتوانی وەکو پێویست پڕۆسەکە ئەنجامبدەن، بۆیە بڕیارمانداوە بۆ ئەمساڵ تەنها رێگە بەو کەسانە بدەین کە لە توانایاندایە حەج ئەنجامبدەن".

لە ماوەی رابردوو هاووڵاتییان دەیانتوانی بۆ چەند ساڵێک خۆیان ناونووس بکەن و ساڵانە ناویان دەخرایە تیروپشکەوە، بەڵام وەکو ئەوەی شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی باسی دەکات، ئەگەر ئەمساڵ ناوی هاووڵاتییەک لە تیروپشکەکەدا دەرنەچوو، پێویستە ساڵی داهاتوو، جارێکی دیکە خۆی ناونووس بکاتەوە، ئەگەر بیەوێت حەج بکات.

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا بڕە پارەکە بۆ حەجی 2024 دیارینەکراوە و چاوەڕێدەکرێت هەر هێندەی حەجی ساڵی رابردوو بێت. گوتیشی: "ئەو پارەیەی کە بۆ حەج وەردەگیرێت تەنیا بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، چونکە ئەو کەسانە بە فڕۆکە دەگەیێندرێنە سعوودیە و شوێنی مانەوەیان لە مەککەی پیرۆز و مەدینەش بۆ تەرخان دەکرێت، هەروەها هۆتێلی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت لەگەڵ هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک ئۆتۆمبێل لە مەدینەوە بۆ مەککە و بۆ عەرەفە و بۆ مینا و ئەو شوینانەی کە ئەرکە ئایینیەکانی تێدا ئەنجامدەدەن، هەروەها لەگەڵ دابینکردنی خواردن".

لە ساڵی 2023، 37 هەزار هاووڵاتی عێراق، کە چوار هەزار و 685 ـیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونە سعوودیە. شێخ نیاز راغب نەقشەبەندی دەڵێت: "پشکی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی حەج دیاریکراوە، بۆیە پێشبینی دەکەم بۆ ساڵی داهاتووش نزیکەی چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێم بتوانن حەج بکەن".

لە 10ی حوزەیرانی 2023 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەیشتە ناو خاکی سعوودیە. دوو رۆژ دواتر، لە 12ـی حوزەیرانی 2023، یەکەمی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە شاری مەککە.