پێنج زیاره‌تكاری دیكە لە میسان بە‌ رووداوی هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستدا

زیارەتکارانی شیعە
زیارەتکارانی شیعە

K24 -هەولێر:

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆوه لە پارێزگای میسان پێنج زیارەتكار گیانیان له‌ده‌ستدا ‌و 20ی دیكه‌ش برینداربوون.

ئاماژە بەوەشدراوە، دوو لەو زیارەتكارانەی گیانیان لەدەستداوە ئێرانین.

لەماوەی رابردوودا لەگەڵ هاتنی لیشاوی زیارەتكارانی ئێرانی رووداوی ھاتووچۆ لە عێراق زیادیكردووە، بەجۆرێك كە رۆژی شەممە تەنیا لە یەك رووداوی ھاتووچۆدا لە پارێزگای سەلاحەددین 16 زیارەتكار گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراویكدا بڵاویكردووەتەوە، لە سەرەتای مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن تائێستا نزیكەی سێ ملیۆن و 588 هەزار زیارەتکار لەڕێگەی ھەشت دەروازەی سنووری و سێ فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیەوە ھاتوونەتە عێراق.

هاتنی ئەم زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا كە بڕیارە رۆژی چوارشەممە 6ى ئەیلوول بەڕێوەبچێت.