جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز: عێراق بۆ هەر بەرمیلێک نەوت لە کوردستان 6 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 90 هەزار بەرمیل رادەستی عێراق دەکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر حەقدەستی بەرهەمهێانی نەوت دەداتە کۆمپانیاکانی هەرێم زۆر کەمە و کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "رۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 90 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لەناوخۆدا بەکاربهێندرێت و، دەشکرێت ژمارەکە لە داهاتوودا بە پێی پێویست بەرزببێتەوە".

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەش کرد: "حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمێنانی هەر بەرمیلێک نەوت؛ 8،000 دینار کە دەکاتە نزیکەی 6 دۆلار دەداتە ئەو کۆمپانیانەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، کە ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆر کەمە و ئێستا خەریکی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەن".

بە گوتەی نەهرۆ رواندزی، بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی کردوویانە و ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەستیانکەوتوون؛ "لە 10 کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق، لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، 18 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکان. ئەم بڕە پارەیە بەراورد بەوەی دەدرێتە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە، لە کاتێکدا تێچووی بەرهەمهێانی نەوت لە هەرێم بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە زۆرترە".

وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز خستیەڕوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، داوای کردووە حکومەتی فیدراڵی دووەم سکاڵای خۆی لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بکشێنێتەوە کە تێیدا داوا لە ئەنقەرە دەکرێت قەرەبووی دارایی بەغدا بکاتەوە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020، لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

له‌ 25ی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دابینبكرێت.

نەهرۆ رواندزی دەڵێت، ئەگەر لە داهاتوودا بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتن، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێدانی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا بە عێراق دەدات و بڕە نەوتەی ماوەتە کە دەکاتە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت، لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.

سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا. رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا؛ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر. سەردانەکەی هاکان فیدان وەکو ئامادەکارییەک بوو، بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی و نوێنەرانی بەرەی تورکمانی لە هەرێم کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەی نێوانیان؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هابەشیان بەست. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان کردووە.