ژمارەیەک ئافرەتی ئەفغانی کە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڕەشەیان لێکرابوو، گواسترانەوە بۆ فەرەنسا

K24 – هەولێر:

پێنج ئافرەتی ئەفغانی کە لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان هەڕەشەیان لێکرابوو، هەروەها لەپێشوودا ئەفغاسنتانیان بەرەو وڵاتی پاکستان چۆڵ کردبوو، گواسترانەوە بۆ فەرەنسا.

ئەمڕۆ دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023) فڕۆکەی ئەم پێنج  ئافرەتە ئەفغانییە کە یەکێکیاک سێ منداڵی لەگەڵدایە، بڕیارە لە فڕۆکەخانەی رۆیس لە پاریس بنیشێتەوە، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە هەڵاتنیان لە رژێمی تاڵێبان کە لە هاوینی 2021 دەسەڵاتیان لە ئەفغاسنتان گرتەدەست.

پیشەی پێشووی ئەم ئافرەتانە، بەرێوەبەری پێشووی زانکۆیەکی زانستی، راوێژکاری رێکخراوێکی ناحکومی، پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی و مامۆستایەکی "قوتابخانەی نهێنی کابول" بوون، کە لە پێشوودا نەیانتوانی وڵات بەجێبهێڵن بۆ رۆژئاوا دوای رووخانی حکومەتی ئەفغانستان لەسەر دەستی تاڵیبان، بەم هۆیەوە ناچاربوون هەڵبێن بۆ وڵاتی پاکستانی دراوسێی ئەفغانستان.

دیدییە لێچی، بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی کۆچی فەرەنسا لە وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت: "بەپێی ئەو رێنمایانەی لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە دەرچووە، بە پلەی یەکەم گرنگییەکی تایبەت بەو ژنانە دەدرێت کە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، چونکە پێگەی گرنگیان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ فەرەنسا، ئەو ژنانە لە ناوەندێکی "ترانزێت" لە ناوچەی پاریس نیشتەجێ دەکرێن، لەوێ وەک پەناخواز تۆمار دەکرێن و دواتر شوێنی نیشتەجێبوونی درێژخایانیان بۆ دابین دەکرێت.

لێچی باسی لەوەشکرد، پڕۆسەی گواستنەوەی ژنانی ئەفغانی بۆ فەرەنسا، کە ناو نراوە"Apagan"، بە بێدەنگی بەردەوامە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم جۆرە چۆڵکردنە "پێدەچێت دووبارە ببێتەوە ئەگەر ژنانی دیکە لەم دۆخەدا پەنا بۆ پاکستان ببەن.

لەلاین خۆیەوە، ڤالۆد بێلکاسێم، وەزیری پێشووی سۆسیالیستی ،کە ئێستا سەرۆکایەتی رێکخراوی ناحکومی "فەرەنسا تێر دی ئازێل" دەکات، گوتی، "سوپاس بۆ حکومەت چونکە سەلماندی لە خەمپی پەنابەراندایە".

بێلکاسێم کە رێکخراوەکەی لە قۆناغی یەکەمدا پێشوازی لە ژنانی ئەفغانی دەکات، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو)، رایگەیاند، هەنگاوی داهاتوو پێویستی بە دروستکردنی تۆڕێکی هەماهەنگی مرۆیی راستەقینەیە بەرامبەر بە ژنانی پەنابەری ئەفغانی.

رژێمی تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات، وردە وردە مافی ژنانی ئەفغانستانیان پێشێل کرد، کە لە دوای تەمەنی دوانزە ساڵییەوە ناتوانن بچنە قوتابخانە، زانکۆ، پارک و هۆڵەکانی وەرزش.

هەروەها ژنانی ئەفغانی، دەبێت لە کاتی دەرچوون لە ماڵەکانیان بە تەواوی خۆیان داپۆشن، چیتر مافی کارکردنیان لە رێکخراوە ناحکومییەکان نییە و لە زۆربەی کارەکانی خزمەتگوزاری شارستانی بێبەشکراون.