وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە

دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف
دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژبکرێتەوە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بڕیاری ژمارە (5) لەسەر داوای سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی دەوامی رۆژی 20ـی ئەم مانگە درێژکردەوە.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ زیاتر دەرفەتدانە بە دەنگدەران بۆ ئەوەی زانیارییەکانی خۆیان لە تۆماری دەنگدەران نوێ بکەنەوە یان ئەوانەی یەکەمجار بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بەشێوەی بایۆمەتری لە تۆماری دەنگدەران زانیارییەکانیان تۆماربکەن.

رۆژی پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک دەستیپێکرد و دواتر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەکەی تاوەکو 12ـی ئەم مانگە درێژکردەوە و ئەمڕۆ جارێکی دیکەش بڕیاری درێژکردنەوەی ئەو وادەیەیدا.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدەن و تا ئێستا 214 هەزار و 149 کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 88 هەزار و 588 دەنگدەر؛ لە پارێزگای دهۆک 40 هەزار و 277 دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانیش 85 هەزار و 284 دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و زیاتر لە 26 هەزار و 900 گەنج کە لەدایکبووی ساڵی 2005ـن ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە.

هەروەها رۆژی (4ـی ئەیلوولی 2023)، داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هەردوو میکانیزمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستن، هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 پەیڕەوکرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی مەرسومی هەرێمی کە رۆژی (3ـی ئابی 2023) لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی راسپارد بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دەقی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران
دەقی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران