کوردستان24 چیرۆکی شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد دەگێڕێتەوە

K24 – کەرکووک:

کوردستان24 چیرۆکی شەهیدکردنی گەنجانی کورد لەخۆپێشاندانەکەی 2ـی ئەیلوول لە زاری شایەتحاڵێکی رووداوەکەوە دەگێڕێتەوە و دڕندەیی و بێڕەحمی ئەو هێزە باس دەکات کە تەقەی راستەوخۆیان لە خەڵكی سڤیل و ئاشتیخوازی کوردی کەرکووک کردووە.

هەڤاڵ و هاوڕێکانی بە گوتەی شایەتحاڵ و ئەو بەڵگانەشەی کە لەبەردەستن بە فیشەکی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک شەهیدکران و هاوکات شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە چۆن لەپێش چاوی خەڵکدا، ھێزە چەكدارەكان، دوو گەنجی بێتاوانیان شەهیدکردووە، یەکێک لەو شەهیدانە هەڤاڵ ستاری تەمەن 33 ساڵان بووە، كە خاوەنی سێ كچە و ھاوژینەكەی بە كوڕێك دووگیانە کە شەھید ھەڤاڵ بە ئاواتی بینینیەوە سەری نایەوە.

دەشتی محیەدین، هاوسەری شەهید هەڤاڵ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سێ کچی هەیە منداڵەکانی بێ بوونی باوکیان بەرگەناگرن، شەهید هەڤاڵ ئاوەتی ئەوەبوو کوڕێکی هەبێت لە باوەشی بکات، هەموو ئێوارەیەک دەیگوت، "دەبێت من منداڵەکەی خۆم ببینم لە باوەشم"، هەشت ساڵ چاوەڕێی منداڵێکی کرد، بەڵام نەیانهێشت بیبینێت.

هاوکات نەزمییە محەممەد، دایکی شەهید هەڤاڵ، گوتی: کوڕەکەمیان بێ هۆ کووشت هیچ تاواناێکی نەبوو، بەدوای خوارزایەکیدا چووە دەرەوە بۆ ئەوەی بیهێنێتەوە و ئەو هیچی نەکردبوو کووشتییان.

دارین، نارین و ڤارین سێ کچەکەی شەهید هەڤاڵ کە دوای خۆی کوردستان باوکیان دەبێت، هەواڵیش کە هێشتا هەواڵی کۆچی باوکی نازانێت، دوای لەدایکبوونی دەبێتە نیشتمانی ئەوان و لەگەڵ دایکیان چیرۆکی ئەو غەدرە دەگێڕنەوە کە لێیانکراوە.

رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) سەرۆک بارزانی، پەیامێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند رۆژەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك رێگریان لەو گێرەشێوێنی و رەفتارە نایاساییەی رێگرەكان نەكردووە، كەچی لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد رژاوە، ئەم جۆرە رەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، "رشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران، مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی دۆخی شاری كه‌ركووكه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین، سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین، کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتەسەر".

ئێوارەی رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کد.  

بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بەسەر خۆپیشاندەراندا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی "هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر" شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

هاوکات لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کورد لە کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.

پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.