سەرۆکی کۆریای باکوور بە شەمەندەفەر دەچێتە رووسیا و لەگەڵ پوتن کۆدەبێتەوە

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر:

کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، بەم زووانە سەرۆکی کۆریای باکوور و سەرۆکی رووسیا بۆ گفتوگۆکردن دەبارەی گرێبەستی نوێی چەک لە رووسیا کۆدەبنەوە.

ئادریان واتسن گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان بەم زووانە کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور سەردانی رووسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەشیان ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازییە لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا.

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا راشیگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ دەربارەی چەک پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکات، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، کۆتایی ئەم مانگە کیم جۆنگ ئون لەرێگەی شەمەندەفەرەوە دەچێتە ناوچەی ڤلادیڤۆستۆکی رووسیا و لەوێ چاوی بە ڤلادیمیر پوتن دەکەوێت.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ دابینکردنی چەک بۆ سوپای وڵاتەکەی، پشتی بە هاوکاری ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەستووە و لەبەرانبەریشدا، سوپای رووسیا چەند جارێک درۆنی ئێرانی بەکارهێناوە و ئێستاش ڤلایدمێر پوتن بە هاوکاری کیم جۆنگ ئون لە هەوڵی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی زیاتردایە بۆ سوپای رووسیا.