هەزار تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئیمارات کراوە

یەکەم کاروانی ئەو پەتاتانەی هەناردەی وڵاتی ئیمارات کراون | 7ـی ئابی 2023 | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
یەکەم کاروانی ئەو پەتاتانەی هەناردەی وڵاتی ئیمارات کراون | 7ـی ئابی 2023 | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ وەبەرهێنەر و بازرگانانی وڵاتی ئیمارات واژووکراوە، تا ئێستا نزیکەی هەزار تۆن پەتاتەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی چەند کاروانێکەوە هەناردەی وڵاتی ئیمارات کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، بەشار مشیر، خاوەنی کۆمپانیای (K.H.)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە سەرەتای مانگی رابردووەوە تا ئێستا، نزیکەی هەزار تۆن پەتاتەی جۆری پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەند کاروانێکەوە هەناردەی وڵاتی ئیمارات کراوە".

رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023، رێوڕەسـمی واژووکردنی گرێبەستی هەناردەکردنی بڕی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی لە نێوان وەبەرهێنەران و بازرگانانی بەروبوومی پەتاتە لە هەرێمی  کوردستان و بازرگانانی وڵاتی ئیمارات لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەشار مشیر ئاماژەی باسی لەوەش کرد: "پڕۆسەی هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات بەردەوامە؛ هەفتانە لە ڕێگەی چەند کۆنتێنەرێکەوە نزیکەی 300 بۆ 400 تۆن پەتاتە هەناردە دەکەین".

وەکو ئەوەی خاوەنی ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی پێ کرد، بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی واژووکراوە، پێنج هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئیمارات دەکرێن، "بەڵام دەشکرێت رێژەکە زیاتر بەرزببێتەوە، ئەگەر بینیمان خواستێکی زۆر لەسەر پەتاتەی کوردستان هەیە، ئامادەین رێژەیەکی زیاتریان بۆ هەناردە بکەین".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار تۆن بووە، لەو ژمارەیە نزیکەی 500 هەزار تۆن بەرهەمی ناوچەی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک بووە.

لەو 700 تۆن پەتاتەیەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازین و بۆ دروستکردنی چپس، فینگەر و بەرهەمی هاوشێوە بەکاردەهێندرێن.

هاوکات د. محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەناردەکردنی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بووە.

وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی کرد، هەرێمی کوردستان "بەرهەمی نایابی کشتوکاڵی" هەیە و لەمساڵدا کار بۆ هەناردەکردنی ترێ، سێو و هەنجیری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت وڵاتی ئیمارات دەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر بەرهەمی جووتیاران لە دەرەوە ساخبکرێتەوە، بەروبوومی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوون دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران کردووە

بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرهەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمێنانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.

یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران لە بازاڕە جیهانییەکااندا، هەناردەکردنی بەرهەمی هەناری جووتیارانی هەرێم بووە بۆ وڵاتانی کەنداو. رۆژی هه‌یینی 2ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022، یه‌كه‌م كاروانی هه‌ناری كوردستان ره‌وانه‌ی وڵاتی ئیمارات كرا و دواتر بە شەش کاروان، زیاتر لە دوو هەزار هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو کران.