یەکەم فێستیڤاڵی 'قەرەجان' لە دهۆک بەڕێوەدەچێت

دیمەنێکی شاری دهۆک
دیمەنێکی شاری دهۆک

K24 - هەولێر

کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو یەکەم فێستیڤاڵی قەرەجان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت؛ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەری و رۆشنبیریی پارێزگای دهۆک دەڵێت، ئامانجی فێستیڤاڵەکە گۆڕینی تێروانینی خەڵکە بۆ چینی قەرەجان، هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری لای ئەو چینە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەری و رۆشنبیریی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم فێستیڤاڵی قەرەجان لە دهۆک، کە بڕیارە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو سازبکرێت".

فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. حەسەن فەتاح دەڵێت: "هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە، بەڵام لەوانەیە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە لە هۆلی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەبچێت و رۆژی دووەمیش لە کۆمەڵگەی ئادار، کە کۆمەڵگەیەکی قەرەجانە و دەکەوێتە سەر بە ناحیەی "فەیدیێ"ـی لە سنووری پارێزگای دهۆک".

لەبارەی ئامانجی فێستیڤاڵەکە، وەکو ئەوەی حەسەن فەتاح باسی کرد، "کۆمەڵگەی کوردی لە کۆنەوە تێروانینەکی هەڵەی بۆ چینی قەرەجان هەبووە و بە چاوێکی کەم سەیریان کردوون؛ مەبەستمانە لە رێگەی ئەم فێستیڤالەوە بۆچوون و تێروانینەکەیان بگۆڕین، چونکە قەرەجیش وەکو پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستانی، لە کۆنەوە لەسەر خاکی کوردستان ژیاون و، خاوەن و هاوبەشی ئێمەن لەسەر ئەم خاکە".

بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەری و رۆشنبیریی پارێزگای دهۆک، ئامانجێکی دیکەی فێستیڤاڵەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشنە لای چینی قەرەجان و دەڵێت، "هەوڵدەدەین لەڕێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە ئەو دیاردە ناشرینانەی لای چینی قەرەجان هەیە نەهێڵین و کۆمەڵگەکەیان بەرەو بواری خوێندن، کەلتوور و رۆشنبیری ببەین".

لەبارەی ئەوەی کێ بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکات، حەسەن فەتاح ئەوەی خستەڕوو: "دەستەیەک لە نووسەر، رۆشنبیر، پسپۆڕ و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە بواری مێژوو و کەلتووردا شارەزاییان هەیە بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە دەکرێن بۆ ئەوەی لە پانێلێکدا باس لە مێژوو، کەلتوور و ڕەسانەیەتی چینی قەرەجان بکەن".

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا وەکو ئەوەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هونەری و رۆشنبیریی دهۆک ئاماژەی پێ دا: "پێکهاتەی چینی قەرەجان لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ فێستیڤاڵەکە بانگهێشت دەکرێن، چونکە پێکهاتەی قەرەجیش لە چەندین قوبیلە و عەشیرەت پێکدێت و دەمانەوێت هەموویان بانگهێشتی ئەم فێستیڤاڵە بکەین".

هەر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، بە گوتەی حەسەن فەتاح، پێشانگەیەک دەکرێتەوە، تێیدا کارسازییەکانی چینی قەرەجان نمایشدەکرێن، "چونکە وەکو ئێمە دەزانین لاندک، مەشکە، تەور، داسک و چەندین کەلوپەلی دیکە کە لەلایەن قەرەجانەوە دروستکراون، لە پێشانگەکەدا نمایش دەکرێن". روونیشیکردەوە، "چەندین کارساز، هونەرمەند، رۆشنبیر و کەسایەتی جیاواز لەناو چینی قەرەجاندا هەڵکەوتوون".