روانگەی سووری: تاوەکو ئێستا 71 کەس لەشەڕی نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان کوژراون

هێزەکانی هەسەدە
هێزەکانی هەسەدە

K24 - هەولێر

هەفتەی رابردوو شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای دێرەزوور، لە رۆژهەڵاتی سووریا روویدا و بەدەیان چەکدار کوژرا و برینداربوون لەهەردوولا.

بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی 27ی ئاب، "هێزەکانی سووریای دیموکرات" ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەوڵا، فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووری دەستگیرکرد. دواتر دەرکردنی لە کارەکەی راگەیاند و تۆمەتباری کرد بە تێوەگلان لە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و خراپ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی و پەیوەندیکردن لەگەڵ رژێمی سووریا. بەمەش دەستگیرکردنی ئەو چەکدارە، عەرەبە ناوخۆییەکانی نزیک لە خۆی تووڕە کرد، کە هەر زوو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە، و دواتر پەرەی سەند و بوو بە تێکهەڵچوون لە چەند گوندێکدا. کە لە ماوەی یەک هەفتەدا رووبەڕووبوونەوەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 71 کەس کە زۆربەیان شەڕڤان بوون کە 9 کەسیان مەدەنی بوون.

خێرایی پەرەسەندنەکە دوای ئەوە زیادی کرد کە هێزەکانی لایەنگری رژێم لە فورات بەرەو ناوچەکانی پێکدادان چوون، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش قەدەغەی هاتوچۆیان لەو ناوچەیە راگەیاند، کە لە 2ـی ئەیلولەوە دەستیپێکرد و 48 کاتژمێری خایاند.

هێزەکانی هەسەدەش ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەی پەیوەستن بە ڕژێمەوە تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی دروستکردنی فیتنە لە نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە دەدەن.

ئارۆن لوند، لێکۆڵەری کاروباری سووریا لە سەنتەری سەنچوری ئێنترناشناڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە نابینم، پێدەچێت بەشێکی زۆری گرژییەکان پەیوەندییان بە پرسە زۆر ناوخۆیی و ناڕوونەکانەوە هەبێت.

بەڵام هۆشداری دەدات لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی عەرەب و کورد لەم ناوچە هەستیارەدا، گوتیشی: هیچ لایەنێک نییە کە بەرژەوەندی لە سووتەمەنی ئاژاوەگێڕیدا هەبێت.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرکردەکانی هۆزەکان لە دێرەزۆر بەڕێوەچوو، کە جەختیان لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان بە زووترین کات کردەوە، هەروەها هۆشدارییان دا لە مەترسیەکانی دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان لە پارێزگاکەدا.

لە باکووری سووریا، چەکدارانی لایەنگرانی ئەنقەرە کە دەیانگوت سەر بە هۆزە عەرەبەکانن، هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکرابوون، بۆ پشتیوانیکردن لە چەکدارە ناوخۆییەکان لە دێرەزۆر.

 

لای خۆیەوە هەسەدە جەختی لەوەکردەوە، کە هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ هۆزە عەرەبەکاندا نییە. داوای لە دانیشتووانیش کرد، کە رابەکێشرێنە ناو ئەو جۆرە ململانێیانەوە، دەشڵێت: "بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هۆزەکان".

​ پارێزگای دێرەزوور، لەسەر سنووری سووریا وعێراقە، زۆرینەی نیشتەجێبوانی عەرەبن و دەیان هۆزی عەرەبی تێدایە. دیارترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریا کەوتووەتە ئەو شوێنە، "هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کە لە هاوپەیمانییەکی کوتلە کوردی و عەرەبییەکان پێکهاتووە.